بایدن ئەو بەرپرسانە دەردەکات کە ترەمپ دایمەزراندبوون

جیهان

22/01/2021‌ 649 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان جۆ بایدنی سەرۆکی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا راستەوخۆ لەدوای دەستبەکاربوونی لە کۆشکی سپی دەستی کردووە بە دوورخستنەوەی بەشێک لەو بەرپرسانەی لە ئیدارەی پێشوودا لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە دانرابوون، کە ئەمەش نیگەرانی بەشێک لە کۆمارییەکانی لێکەوتۆتەوە بەوپێیەی ترەمپ لەدوای دەستبەکاربوونی، تا دوای چەند مانگێک بەشێک لە بەرپرسە دیموکراتەکانی لە پۆستەکانیاندا هێشتەوە.

لەوچوارچێوەیەدا، رۆژی چوارشەممە و بەر لە دەستبەکاربوونی ئیدارەی بایدن، داوا لە جێرۆم ئادەمز وتەبێژ بەناوی حکوومەتی فیدراڵی بۆ کاروباری تەندرووستیی کراوە دەست لەکار بکێشێتەوە.

ئادامز لە تویتەر نووسیویەتی، شەرەفمەندییەکی گەورە بوو کە خزمەتی ئەو گەلە بکەم، هەموو توانای خۆم دەخەمەگەڕ بۆئەوەی دەستەبەری ئەوە بکەم هەمووان دەرفەتی یەکسانیان لە تەندرووستیی و پارێزگاریکردن لێی هەبێت.

لەلایەکى دیکەوە پێگەی هەواڵیی "سڵیت" ئاشکرای کردووە کە رۆژی چوارشەممە بایدن فەرمانی بە دوورخستنەوەی سێ بەرپرس دەرکردووە کە پێشتر لەلایەن ترەمپەوە دانرابوون و ئامادە نەبوون لەسەر خواستی خۆیان پۆستەکانیان چۆڵ بکەن، هەربۆیە بایدن بۆ دورخستنەوەیان دەسەڵاتەکانی خۆی بەکارهێناوە، کە ئەوانیش مایکڵ باک سەرۆکی ئاژانسی ئەمەریکی بۆ راگەیاندن، کاسی کرانینگەر بەڕێوەبەری نووسینگەی پاراستنی دارایی بەکاربەر و پیتەر رۆب کە پۆستی راوێژکاری ئەنجوومەنی نیشتیمانی بۆ پەیوەندییەکانی کاری هەبووە.

بەگوێرەی پێگەی "بلوومبێرگ لۆ" کۆشکی سپی چەند خولەکێک لەدوای دەستبەکاربوونی بایدن، رۆبیان ئاگادارکردۆتەوە کە لە پۆستەکەی دوورخراوەتەوە.

هەرچەندە لەمانگی نۆڤەمبەر و چەند رۆژێکی کەم لەدوای سەرکەوتنی بایدن، یەکێتییە بازرگانییەکان داوایان کرد رۆب لە پۆستەکەی دووربخرێتەوە، بەوپێیەی کەسێکی بێلایەن نییە و لەبابەتە سەرەکییەکاندا پشیوانی خاوەن کارەکان دەکات و دەیەوێت نووسینگە هەرێمییەکانی ئاژانسەکە بێکاریگەر بکات، بەڵام دوورخستنەوەی ئەو بەرپرسە نیگەرانی لای کۆمارییەکان درووست کرد و ئەو کارەیان بە پێچەوانەی لێدوانەکانی بایدن لێکدایەوە کە باسی لە یەکێتی و ناهێشتنی جیاوازییەکان دەکرد.

رەخنەگرانی ئەو هەنگاوە دەڵێن ترەمپ ڕێگەی نەدا ڕیچارد گریڤین راوێژکاری گشتیی ئەنجوومەنی نیشتیمانی پەیوەندییەکانی کار لەسەردەمی ئیدارەی بایدن دووربخرێتەوە، هەربۆیە ماوەی نۆ مانگ و تا تەواوبوونی ماوە یاساییەکەی لەپۆستەکەیدا مایەوە.

وابریار بوو  ڕۆب تا مانگی تشرینی دووەم لەپۆستەکەیدا بمێنێتەوە، بەڵام سەندیکاکانی کرێکاران لەوانە فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی کارمەندانی خزمەتگوزاری و کارمەندانی پەیوەندییەکان لە ئەمریکا ، داوایان لە بایدن کرد کە رۆب ناچار بکات دەست لەپۆستەکەی بكێشێتەوە و ئاژانسەکە بەشێوەیەک رێکبخرێتەوە کە کار بۆ پاراستنی کرێکاران بکات.
ئامادەکردن : ئاکۆ ئاڵی