راوێژکارێکی ئەردۆغان پلانی تورکیا بۆ ئەگەری پشتیوانی ئیدارەی بایدن لە کورد ئاشکرا دەکات

جیهان

22/01/2021‌ 5124 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

راوێژکارێکی پێشووی سەرۆکی تورکیا پلانی ئەنقەرەی ئاشکرا کردووە ئەگەر بێت و ئیدارەی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پشتیوانی لە پرسی کورد بکات سەرۆکی تورکیا ئامادەیە دژ بە هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی بوەستێتەوە.

مەسعوود حەقی چەسین راوێژکاری پێشووی ئەردۆغان و مامۆستای زانکۆ لەمیانی بەشداریکردنی لە یەکێک لە بەرنامە تەلەفزیۆنییەکانی تورکیا ئاشکرای کردووە کە رەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا ئامادەیە دژ بە هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی بوەستێتەوە و پەلاماری ئەندامانی ئەو هاوپەیمانێتییە بدات، ئەگەر بێت و ئیدارەی بایدن لەڕێگای پشتیوانیکردنی کوردەوە ببێتە هەڕەشە لەسەر تورکیا.

راوێژکارەکەی پێشووی ئەردۆغان دەشڵێت، سوپای تورکیا لەبەهێزترین سوپاکانی ناو ناتۆیە، بۆیە ئەگەر بێت و بێتە پاڵ دوژمنانی ناتۆ ئەوە دەبێتە هەڕەشەیەکی جیددی لەسەر ئەو هاوپەیمانێتییە، هەروەک چۆن ئەنقەرە بەگۆڕینی هاوپەیمانەکانی دەتوانێت هاوسەنگی ستراتیژی لە جیهاندا بگۆڕێت.

چەسین رەخنەی لە بریت ماکگۆرکی بەرپرسی دۆسیەی رۆژهەڵاتی ناوەراست و باکووری ئەفریقیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا گرتووە بەوەی دژی تورکیا کار دەکات، بەشێوەیەک وەک دوژمنی تورک و پیاوێکی شکستخواردوو هەژماری کردووە.

چەسین ئەوەشی وتووە کە تورکیا بەهۆی رەفتارەکانی ماکگۆرک و پشتیوانیکردنی لە پرسی کورد و پارتی کرێکارانی کوردستان چاو بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمەریکادا دەخشێنێتەوە، بەوپێیەی بەلای تورکیاوە هەرچی پشتیوانی نەیارانی تورکیا بکات دەبێتە دوژمن، تەنانەت ئەگەر ئەو کەسە هاوپەیمانیش بێت.
پێشتریش فوئاد ئۆکتای جێگری سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاندبوو کە پێشبینی دەکەن لەمامەڵەکردنیان لەگەڵ ئیدارەی بایدن تووشی سەختی ببنەوە، بەوپێیەی لەماوەی رابردوودا پشتیوانی بۆ کورد دەربڕیوە، بەتایبەتیش ئەگەر بێت و ئەو ئیدارەیە بەردەوام بێت لە هاوکاریکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە رۆژئاوای کوردستان.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی