رووسیا دەیەوێت لەسەر مانگ و مەریخ بەدوای کانزا گرانبەهاکاندا بگەڕێت

جیهان

22/01/2021‌ 489 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی ئاژانسی "نۆڤۆستی"ی رووسی، ئیگۆر میترۆڤانۆڤی سەرۆکی بەشی زانستی هەسارەکان لە پەیمانگای لێکۆڵینەوە گەردوونییەکانی رووسیا ئاشکرای کردووە کە زاناکانی پەیمانگاکە نموونەی سەرەتایی ئامێرێکیان درووستکردووە کە بۆ گەڕان بەدوای کانزا گرانبەهاکان لەسەر مانگ و مەریخ سوودی لێوەردەگیرێت.

میترۆڤانۆڤ بە ئاژانسە رووسییەکەی وتووە کە ماوەی سێ ساڵە کار لەسەر نموونەی سەرەتایی ئامێرەکە دەکرێت، لەئێستاشدا زاناکان هەوڵ دەدەن ئامێرەکە لەسەر مووشەک و گالیسکە ئاسمانییە روسیی و بیانییەکان بچەسپێنن کە تایبەتن بە لێکۆڵینەوەکردن لە مانگ و هەسارەی مەریخ.

ئەو زانا رووسییە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ئامێرەکەیان توانای ئەوەی هەیە لەکاتی رۆیشتنیدا پێکهاتەی ڕووی سەرەوەی مانگ و مەریخ بە ئەستووری ٣٠ سانتیمەتر ئاشکرا بکات.

هەروەک بەقسەی میترۆڤانۆڤ، ئامێرەکە لەکاتی جوڵەکردنیدا توخمە سەرەکییە پێکهێنەرەکانی بەردەکان ئاشکرا دەکات کە دەکەونە قوڵایی یەک مەتری ناو خاکەوە، جگە لەوەی دەتوانێت پرۆسەی هەڵکۆڵینی جیۆلۆجی بە ئامانجی دۆزینەوەی کانزا دەگمەن و گرانبەهاکان ئەنجام بدات، وەک کانزاکانی زێر و زیو و پلاتین و هیتر، بۆئەو مەبەستەش دەبێت ئامێرەکە ١ بۆ ٢ کاتژمێر لە جێگاکەی بوەستێت و لەڕێگای تیشکی گاماوە زانیاری پێویست کۆبکاتەوە.

ئامادەکردن  : ئاکۆ ئاڵی