تەندرووستیی جیهانی هەڵسەنگاندن بۆ تۆمارکردنی 14 ڤاکسینی تر دەکات

جیهان

22/01/2021‌ 444 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی (WHO) لە کورتە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لە شاری جنێڤ بەڕیوەچوو رایگەیاندووە کە هەڵسەنگاندن بۆ داواکاری تۆمارکردنی ١٤ ڤاکسینی تری دژە ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەکەن، لەناویاندا هەردوو ڤاکسینی "سپۆتنیک –V" و " ئابی ڤاک ژۆڕۆنا"ی رووسی .

تەندروستیی جیهانی ئاماژەی بە بەڵگەنامەی قۆناغەکانی پرۆسەی پەسەندکردنی ڤاکسینەکان لەلایەن ڕێکخراوەکەوە کردووە، کە بەوپێیە ڤاکسینی سپۆتنیک-ڤی رووسی کە لەلایەن ناوەندی گامالیای سەر بە وەزارەتی تەندرووستیی رووسیاوە پەرەی پێدراوە، لەکۆی پینج قۆناغ سێ قۆناغی بڕیوە.

باسی لەوەش کردووە کە ڤاکسینی ئابی ڤاک کۆڕۆنای رووسی کە لەلایەن ناوەندی "ڤیکتۆر"ی سەر بە دەستەی فیدراڵی رووسیاوە پەرەیپێدراوە، بۆئەوەی لەلایەن ڕێکخراوەکەوە پشتی پێببەسترێت هێشتا لەکۆی پێنج قۆناغەکە چوار قۆناغی ماوە.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، مارگرێت هاریسی وتەبێژی WHO رایگەیاندووە: پشتبەستن بە هەردوو ڤاکسینەکەی رووسیا بۆ بەکارهێنانی بەپەلە بەگوێرەی چەند ڕێکارێکی دیاریکراو دەبێت وەک راددەی کارایی و سەلامەتییەکەی و توانای بەرهەمهێنانی، جەختیشی کردۆتەوە کە تاوەکو دوای تەواوبوونی هەموو زانیارییە پێویستەکان، پسپۆرانی ڕیکخراوەکە هیچ لێدوانێک لەبارەی ڤاکسینە رووسییەکانەوە نادەن.
ئامادەکردن  : ئاکۆ ئاڵی