شارپرێس:
خەڵکانێکی زۆر ڕۆژانە لەپێناوی چالاکبونی جەستەیانو باشکردنی ئاستی کارکردنیان قاوە دەخۆنەوە، قاوە ژمارەیەکی زۆر ڤیتامینو کانزای وەک مەگنیسیۆمو پۆتاسیۆمی تێدایە کە سودی تەندروستیی گەورەیان هەیە، بەشێوەیەک چەندین لێکۆڵینەوە دەڵێن، خواردنەوەی هاوسەنگانەی قاوە کاریگەریی باشی هەیە لەسەر درێژکردنەوەی تێکڕای تەمەنو باشکردنی سوڕی خوێنو کەمکردنەوەی مەترسییەکانی توشبون بەنەخۆشییەکان.
میخائیل گینزبۆرگ پزیشکی ڕوسیو پسپۆڕی بواری خۆراکیی لەبارەی کاریگەرییە پێشبینیکراوەکانی خواردنەوەی قاوە لەسەر تێکڕای تەمەنو تەندروستیی مرۆڤ قسەی بۆ پێگەی "تیڤی سڤیزدا"ی ڕوسی کردوە.
گینزبۆرگ دەڵێت:"ئەو لێکۆڵینەوانەی لەسەر دوو گروپ لەخەڵکان کراون (ئەوانەی بڕێکی زۆر قاوە دەخۆنەوەو ئەوانەی هەرگیز قاوە ناخۆنەوە)، ئەنجامەکان دەریانخستوە کە ئەوانەی ڕۆژانە ٣ بۆ ٤ کوپ قاوە دەخۆنەوە تێکڕای تەمەنیان درێژترەو کەمتر توشی نەخۆشییەکانی دڵو لولەکانی خوێنو نەخۆشیی شێرپەنجە دەبن.
هەرلەبەرئەوە بەکاربردنی هاوسەنگی قاوە وادەکات کەسەکە تەمەنێکی درێژترو بەتەندروستییەکی باشترەوە بژیەت.
ئاماژەی بەوەشکردوە، قاوە مادەی ئەلکالۆدی تێدایە کە کار لەسەر فراوانکردنی لولەکانی خوێنو باشکردنی سوڕی خوێنی مێشک دەکاتو هیچ کاریگەرییەکی نەرێنیشی لەسەر پەستانی خوێنو لێدانەکانی دڵ نییە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی