ئەو خانووەى فڕۆکەکانى تورکیا بۆردومانیان کرد لە رابردوودا ماڵی ئیبراهیم ئەحمەدو تاڵەبانی بووە

کوردستان

23/01/2021‌ 2221 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەو خانووەى فڕۆکەکانى تورکیا لە باڵەکایەتى بۆردومانیان کرد لە رابردوودا ماڵی ئیبراهیم ئەحمەد و تاڵەبانى بووە و پەکەکەی تێدا نەبووە.

دوێنێ هەینی فڕۆکەی تورکیا کوێستانەکانی گوندی چیکان و گوندەژۆر لە سنوری شارۆچکەی حاجی ئۆمەران و باڵەکایەتى بۆردومان کرد، بەهۆی بۆردومانەکەوە خانووی هاوڵاتییەک تەخت کراو بەدەیان سەر مەڕیش کە لەخانووەکەدا بوون لەناوچوون.

سەرچاوەیەکى ئاگادار لە ناوچەى باڵەکایەتى بە شارپرێسی راگەیاند، ئەو خانووەی کە بە بۆردومانەکە رووخاوەو تەخت بووە  لە ساڵانی 70ی سەدەى رابردوو دروست كراوە و سەرەتا ماڵی مامۆستا (ئیبراهیم ئەحمەد) بوو وە تا ساڵی 1975.

 هەروەها لە ساڵی 1991 جەلال تاڵەبانى خانووەكەی داوە بە هاوڵاتییەکى ئەو سنورە بەناوی(سەید مەحمود) کە خاوەنی مەڕەكان بووە، خانووەکەش کەوتووەتە گوندی (چیكان)ی نزیك گوندی ئازادی سەربەناحیەی حاجی ئومەران.

بەوتەى سەرچاوە ئاگادارەکە ئەگەری ئەوە هەیە زانیاری هەڵە درابێت بە سوپای توركیاو بۆ بۆردومانی ئەو خانووە، بەو پێیەی ماوەیەكە پارتی لەو ناوچانە خەریكی تێكدانی هەندێك خانوون و دەیانەوێت شوێنە كۆنەكان جگە لەشوێنەكانی خۆیان هيچی نەمێنێت.

ئەو سەرچاوەی شارپرێس تەئکیدی کردەوە کە ئەو ناوچەیەی خانووەکەی لێ بۆردومان کراوە بەهیچ جۆرێك گەریلاکانى پەکەکە لێوە نزیک نییەو شوێنى مانەوەیان نەبووە.
هەروەها سەرچاوەکە ئەوەشى خستەڕوو، خەڵکى ئەو ناوچەیە ئاگادار کراونەتەوە کە ناوچەکانیان چۆڵ بکەن بۆ زانیاری و دڵنیابوونەوە دەتوانن بچن پرسیار لە خەڵکى ناوچەکە بکەن کە چەند كەس ئاگادار كراونەتەوە شوێنەکانیان چۆڵ بکەن.

زیاتر لە شەش مانگە هێزەکانى پێشمەرگەى پارتى دیموکراتى کوردستان دەستیان کردوە بە دروستکردنى بنکەو بارەگا لەو ناوچانەى نزیکن لە ناوچەکانى گەریلاکانى پەکەکەوە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەى چەند جارێک رووبەرووى یەکتر ببنەوەو قوربانی لە هەردوولا بکەوێتەوە.
س.هـ