هه‌رێم ڕاده‌ستكردنى دۆسێیه‌ى نه‌وتى به‌به‌غدا ڕه‌تكرده‌وه‌

کوردستان

26/01/2021‌ 4056 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هه‌رێمى كوردستان ڕه‌تیكرده‌وه‌ نه‌وته‌كه‌ى ڕاده‌ستى به‌غدا بكات، سه‌رچاوه‌یه‌كیش ئاشكرایكردوه‌، "حكومەتی ھەرێم پابەندە بەڕادەستکردنی ته‌نها داھاتی 250 ھەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە كە پێشتریش ڕەزامەندی خۆی لەوبارەیەوە دەربڕیوە".

كه‌ناڵى كوردستان 24 له‌زارى سەرچاوەیەکی ئاگادارى خۆیه‌وه‌ ئاشكرایكردوه‌، "حکومەتی هەرێم ڕازینەبوە بەڕادەستکردنی دۆسیەی نەوت بەبەغدا، ئەو دەنگۆیەی لەوبارەیەوە بڵاوبوەتەوە ھیچ بنەمایەكی نییەو مەرجی لەو شێوەیە لەلایەن بەغداوە كە نادەستوریین ئاستەنگ دروستدەكەن بۆ ڕێككەوتن".

به‌وته‌ى سه‌رچاوه‌كه‌، "حكومەتی ھەرێم پابەندە بەڕادەستکردنی داھاتی 250 ھەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە كە پێشتریش ڕەزامەندی خۆی لەوبارەیەوە دەربڕیوە".

پێشتر وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی ھەرێم ڕایگه‌یاندبوو، ئەو پێشنیازەی حكومەتی عێراق ڕەتكراوه‌یه‌، چونكه‌ "عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵیەو مەرکەزیی نییەو بەپێی دەستوریش کە زۆرینەی عێراقییەکان دەنگیان پێداوە، هەرێم مافی دەرهێنان‌و فرۆشتنی نەوتی هەیە، بۆیە داوای رادەستکردنی دۆسیەی نەوتی هەرێم داوایەکی نادەستوورییە".

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ دوێنێ دوشه‌ممه‌ش شاندی دانوستکاری حکومەتی ھەرێم لەبەغدا لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ژمارەیەک کۆبونەوەیان ئەنجامدا، تایبەت بەپشکی ھەرێم لەپڕۆژە بودجەی ساڵی 2021 كه‌ پشکی ھەرێم تێیدا لەو بودجەیە نزیکەی 14 ترلیۆنە.

لەپڕۆژەكه‌دا ھەرێم پابەندکراوە بەڕادەستکردنی داھاتی 250 ھەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بەنرخی فرۆشتنی کۆمپانیای سۆمۆ، حکومەتی ھەرێمیش بە10 دۆلار کەمتر لەو نرخەی سۆمۆ نەوت دەفرۆشێت، ئەمەش خاڵی سەرەکی ناکۆکیەکەیانەو ھەوڵی چارەسەركردنی ده‌درێت.