بایدن و گرێكوێرە ئاڵۆزەكەی ناتۆ.. واشنتۆن و ئەنقەرە هەمیشە دانویان پێكەوە ناكوڵێت

مەلەفی تایبەت

01/02/2021‌ 1275 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بۆچی واشنتۆن و ئەنقەرە یەكتریان دەدزێ و دانویان پێكەوە ناكوڵێت، كەچی هەمیشەش پێویستیان بەیەكە و بێ یەك ناژین؟

ئەم پرسیارە زادەی ڕووداوەكانی ئێستا نییە، بەڵكو پێشتر سەریهەڵداوە و دیمەنێكی كۆنمان دێنێتەوە یاد؛ هی ئەو كاتەی جۆ بایدن لەگەڵ ڕۆژنامەی نیویۆڕك تایمز چاوپێكەوتنی كرد و گوتی: من زۆر لە ڕەفتارەكانی توركیا نیگەرانم… ئەو كات ئەو لێدوانەی بایدن مشتومڕ و دەمەتەقێییەكی زۆری لە توركیادا دروستكرد.

بایدن گوتی پێویستە ئەمریكا لە بەرامبەر توركیادا میتۆدێكی جیا لە میتۆدەكەی ئیدارەی ترەمپ پەیڕەو بكات، ڕایەڵە و پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ توێژە جیاوازەكانی كۆمەڵگای توركیا پتەو بكات، پشتی ئۆپۆزیۆنی توركیا بگرێت… بە ڕوونی بە توركیا بڵێت كە سیاسەتێكی هەڵە پیادە دەكەن.

ئەو كات لێدوانەكانی بایدن ئەوەیان لێخوێندرایەوە كە دەكرێت توركیا بگێڕنەوە ناو باوەشی هاوپەیمانی ناتۆ، دەشێ ئەو دەوڵەتە شێوازی خۆی لە بەرامبەر پرسەكاندا بگۆڕێت بە تایبەتیش پرسی مافەكانی مرۆڤ.

لەم سۆنگەیەوە هەردوو نوسەر (ئەسڵی ئیدینتاباش و جیریمی شابیرو) لە لێدوانێكیاندا بۆ گۆڤاری فۆڕین پۆڵسی ئەمریكی بەم شێوەیە ئەو پرسەیان تاوتوێ كردووە:

دوو نوسەرەكە دەڵێن: وشە زبرەكانی بایدن بەرجەستەی ئەو ڕاستییە دەكەن كە لەم ساڵانەی پێشوودا توركیا سەرچاوەی جاڕسكردن و بێزاریی و قەڵسكارییەكی گەورە بووە بۆ بڕیارسازانی سیاسی ئەمریكی، بۆیە بەرپرسانی ئیدارە تازەكەی بایدن لە خەمی ئەوەن چ سیاسەتێك بەرامبەر توركیای هاوپەیمانیان پیادە بكەن و چۆن جڵەوگیری بكەن.

دوو نوسەرەكە دەڵێن: پەیوەندییەكی سەیر لە نێوان واشنتۆن و ئەنقەرەدا هەیە، بە گوێرەی بۆچوونی گەورە بەرپرسانی هەردوولا، واشنتۆن و ئەنقەرە ڕێز لە هاوپەیمانییە دێرینەكەیان دەگرن، هەردوولا دەزانن كە چەند پێویستیان بەو هاوپەیمانییە هەیە، ئەوان بەیەكەوە دەتوانن لە چەندەها پرسی سیاسەتی دەرەوەیاندا هاریكار و هەماهەنگبن، هەر لە عێراقەوە بگرە تاوەكو دەگاتە بەلقان، لە هەمان كاتیشدا ئەو دوولایەنە زۆر متمانەیان بەیەك نییە، بە ئاشكرا سزای یەكتر دەدەن و گلەی لە یەك دەكەن و ڕەخنە لە یەكتری دەگرن، لەسەر پرسگەلێكی زۆر مشتومڕ و شەڕیانە؛ هەر لە پرسی كوردەكان و ئیسڕائیلەوە تاوەكو دەگاتە پرسی هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی.

ئەو دژیەكییە قوڵەی نێوانیان، هەم نالۆژیكییە و هەم نیشانەی كەموكورتی گەروەی پەیوەندییەكانیانە.

دوو نوسەرەكە پێیان وایە سەرباری پەیوەندی مێژووی چەند ساڵەی نێوانیان كە سوودی بۆ هەردوولایان هەبووە، بەڵام لە ئێستادا هەردوولا لە هەوڵی تێكدانی ئەو پەیوەندی و هاوپەیمانییەی نێوایناندان.

دوو نوسەرەكە ئاماژە بەوەش دەدەن كە پەیوەندی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە وەك هاوسەرگیرییەكی خراپ وایە كە لەسەر فرتوفێڵ و درۆ و فریودان و ئازاردانی یەكتر بەندە، لە لایەك ئەمریكا پەناگەیە بۆ زۆرێك لە ئۆپۆزسیۆنە دژەكانی توركیا وەك فەتحوڵا گولەن، لە لایەكی دیكەوە چەك دەدەنە نەیارەكانی توركیا وەك كوردەكانی ڕۆژئاوای كوردستان لە سوریا،، لەولاشەوە توركیا چەك لە ڕوسیای دوژمنە دێرینەكەی ئەمریكا دەكڕێت، لە سوریا و لیبیادا پشتیوانی لە هێزە ئیسلامییە سیاسییەكان دەكات، لە ناوخۆش خەریكی سەركوتكردنی ڕۆژنامەنووس و بیری ئازاد و كۆمەڵگای مەدەنییە، تەنانەت كارمەندانی كونسوڵخانەی ئەمریكاش لە ئەنقەرە لەو سەركوتكارییە بێبەش نەبوون.

دوو نوسەرەكە پێیان وایە ئیدارە تازەكەی جۆ بایدن بە ووردی ئاگاداری ئەو پەیوەندییە خراپەی نێوان وڵاتەكەیان و توركیان، چونكە پێشتر لە ئیدارەكەی ئۆبامادا كاریان كردووە، بۆیە لە ڕوانگەی ئەزموونی پێشووی خۆیانەوە هەردوو وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئەنتۆنی بلینكن و ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی جیك سۆلیڤان چەند ووتارێكیان لەوبارەوە نوسیووە و دوایان كردووە بە توندی لێپێچینەوە لە توركیا بكرێت، هەروەها پشتیوانی پێشكەشی كوردەكانی سوریا بكەن و گوێ بە مەترسییەكانی توركیا نەدەن.

لەوانەیە لێرەوە لێڵی و ئاڵۆزی پەیوەندی نێوان ئەو دوو وڵاتە بە ڕوون و ئاشكرایی بێتەبەرچاو، سیاسەتیان لە پرسە جۆراوجۆرەكاندا زۆر لێكدوورە، كەچی هەندێكجار وا پێویست دەكات درێژە بە كۆششە دبلۆماسییەكانیان بدەن و گرژییەكانی نێوانیان خاوكەنەوە، بەڵام واپێدەچێت ئیدارە تازەكەی بایدن ئەو پرسە بەهەڵپەسێردراوی نەیەڵێتەوە و بیگەیەنیتە مریشەكە ڕەشە، بەو پێیەی ئەگەر ئەمریكا بیەوێت هاوپەیمان و هاورێ و دۆستی نزیكی هەبن، ئەوا پێویستە لەسەری بژاردە قوسەكان پیادە بكات، تاوەكو بتوانێت ئەركە قورسەكانی سەرشانی جێبەجێ بكات.

پێگەی ئەلەكترۆنی: ئەحوال توركیا
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر