ئێران لەهەڵوێستی ئیدارەی بایدن سەبارەت بە هەڵگرتنی سزاکان نائومێدە

جیهان

01/02/2021‌ 373 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ی ئێرانی، محەمەد باقر قالیباڤی سەرۆکی پەڕلەمانی ئێران رایگەیاندووە کە هەڵوێستی ئیدارەی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەسەرۆکایەتی جۆ بایدن سەبارەت بە ئێران "نائومێدکەر"ن.

هەروەک ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانی لەسەر زاری سەرۆکی پەرلەمانی ئێرانەوە گواستوویەتییەوە کە وتویەتی دەبێت ئیدارەی جۆ بایدن روونیبکاتەوە کە چۆن دەیەوێت بەشێوەیەکی کاردارەکی گەمارۆکانی سەر ئێران هەڵبگرێت، لەجیاتی ئەوەی مەرجی پێشوەختەی ئەوە دابنێت کە دەبێت ئێران پابەندی خۆی بە ڕێککەوتننامەی ناوەکیی بسەمێنێت.

لەماوەی رابردوودا ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لەیەکەم کۆنگرەی رۆژنامەوانی خۆی دوای دەستبەکاربوونی لە پۆستەکەیدا بەرۆژنامەنووسانی رایگەیاند کە پێش ئەوەی واشنتۆن سزاکانی سەر ئێران هەڵبگرێت دەبێت تاران هەموو پابەندییەکانی خۆی سەبارەت بە ڕێککەوتننامەی ناوەکیی جێبەجێ بکات.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا جەختی کردەوە ئەگەر بێت و ئێران پابەندی تەواوەتیی ڕیککەوتننامەی ناوەکی بێت، ئەوە واشنتۆن هەوڵ دەدات ڕێکەوتننامەیەکی ماوەدرێژتر و بەهێزتر لەگەڵ ئێران واژۆ بکات، بەشێوەیەک بابەتە زۆر سەختەکانیش لەخۆبگرێت.

ئیدارەی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەساڵی ٢٠١٨ و بەشێوەیەکی تاکلایەنە لەڕیککەوتننامەی ناوەکی نێوان ئێران و وڵاتانی زلهێز کشایەوە و جارێکی تر سزاکانی بەسەر تاراندا سەپاندەوە، کە لەبەرانبەر ئەو هەنگاوەدا ئێرانیش بەشێکی زۆر لە پابەندییەکانی بەپێی رێککەوننامەکە هەڵپەسارد.

ئێران دەڵێت ئەوان ئامادەن دانوستان لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکادا بکەن، بەمەرجێک ئیدارەی بایدن سەرەتا بۆ ڕیککەوتننامەکە بگەڕێتەوە و هەموو ئەو سزایانە هەڵبگرێت کە ئیدارەی پێشووی ئەمەریکا بەسەریدا سەپاندووە.
ئامادەکردن : ئاکۆ ئاڵی