واشنتۆن دەیەوێت لەعێراق گرژییەکانی لەگەڵ ئێران کەمبکاتەوە

عیراق

05/02/2021‌ 869 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی"مۆنیتۆر"ی ئەمەریکی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا نایەوێت لەعێراق ئاستی گرژییەکانی لەگەڵ ئێران زیاتر بکات، باسی لەوەش کردووە کە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بڕیاریداوە کەشتی فرۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس نیمیتز" لەئاوەکانی کەنداوەوە بەرەو وڵاتەکەی بگێڕێتەوە، ئەویش وەک پیشاندانی خواستی ئیدارەی نوێی ئەمەریکا بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ ئێران.

رۆژنامەکە لەسەر زاری جۆن کێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا گواستوویەتییەوە کە رایگەیاندووە ئیدارەی بایدن لەڕێگای کردنەوەی کەناڵی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە، کار لەسەر سەقامگیرکردنی دۆخی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەکات.

جەختیشی کردۆتەوە کە سیاسەتی ئەمەریکا لەعێراق فۆکەس دەخاتە سەر لەناوبردنی سەرکردەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستی  داعش و راهێنانی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی عێراق، بەڵام لەهەمان کاتیشدا لەبەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لەناوچەکە سڵناکاتەوە.

مۆنیتۆر ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە کێربی رەتیکردۆتەوە کە ئاخۆ ئیدارەی بایدن خواستی ئەوەی هەیە هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لەعێراق لە ٢٥٠٠ سەرباز زیاتر بکات یاخود نا، ڕوونیشی کردۆتەوە کە لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمەریکا هێشتا لەوبارەیەوە هیچ بڕیارێکی نەداوە.

لەکۆتایی راپۆرتەکەی رۆژنامە ئەمەریکییەکەدا هاتووەکە هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا لەعێرق زۆر گرنگە، بەتایبەت ماوەی بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان دۆسیەی ئەمنیی دەبێتە پرسێکی گرنگ.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی