ئاسۆی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران‌و ئەمریکا لەژێر سایەی ئیدارەی بایدندا

مەلەفی تایبەت

06/02/2021‌ 468 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەژێر سایەی ئیدارەی نوێی ئەمریکا بەسەرۆکایەتیی جۆ بایدن، واشنتۆن هەڵوێستی جیاوازو ناڕونی لەسەر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تاران هەیە، بەشێوەیەک هەڵوێستەکانی ئه‌مریكا لەنێوان داواکردن لەتاران بۆئەوەی پابەندی بەندەکانی ڕێککەوتننامەی ناوەکی بێت لەلایەک‌و هۆشداریدان پێی بەوەی ئاسایش‌و سەقامگیریی ناوچەکە تێکنەدات، دێت‌و دەچێت، هاوكات بەرپرسانی ئێرانیش هەڵوێستی جیاوازو دژبەیەک دەردەبڕن، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ ڕێککەوتننامەی ناوەکی بگەڕێتەوەو دانوستان لەگەڵ ئه‌مریكا بكات.

بەپێی قسەی بەرپرسە سەربازییەکانی ئه‌مریكا، ئەو نزیکبونەوە دیبلۆماسیە نوێیەی تیمی بایدن لەوەزارەتی دەرەوە دەیانەوێت لەگەڵ تاران پەیڕەوی لێبکەن، مانای ئەوەنییە واشنتۆن دەستبەرداری بنەما جێگیرەکانی بەرامبەر تاران دەبێت کە چەندین دەیە دەبێت ئاژانسە ئەمنی‌و هەواڵگرییەکانی ئه‌مریكا، بەتایبەت وەزارەتی بەرگری‌و دەزگای هەواڵگری ناوەندی (سی ئای ئەی) پەیڕەوی لێدەکەن.

بەگوێرەی لێدوانی جایک سولیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئه‌مریكا، توانا موشەکییەکانی ئێران بەشێوەیەکی مەترسیدار گەشەیانکردوە، وتوشیەتی:"هەرچەندە ئەوە لەگەڵ ئیدارەی ئۆباما دەستیپێکرد، بەڵام لەسەردەمی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ زۆر زیادیکرد".

لەبەشێکی تری قسەکانیدا سولیڤان دەڵێت:"ئێرانییەکان هەڵپەو پشتیوانیکردنیان لەتیرۆر کەمینەکردوە، بەشێوەیەک هێرشدەکەنەسەر هاوبەشەکانمان، بەڵام ئەگەر لەگەڕانەوە بۆ رێگا دیبلۆماسییەکان سەرکەوتوبوین، ئەوە دەتوانین لەگەڵ هاوپەیمانەکانی ترمان ڕوبەڕوی هەڕەشەکانی تریان ببینەوە، لەوانە هەڕەشەی موشەکە بالسیتییەکانیان".

بەرپرسانی ئه‌مریكا دەڵێن، داواکارییەکانمان لەئێران بۆئەوەی بێ هیچ مەرجێکی پێشوەختە پابەندی بەندەکانی ڕیککەوتننامەی ناوەکی بێت، مانای ئەوەنییە دەزگا سەربازیی‌و هەواڵگرییەکان لەواشنتۆن چاودێری چالاکییە تێکدەرانەکانی ئێران ناکەن‌و لەگرنگی بەرپەرچدانەوەی تێناگەن.

هەروەک چەند ڕۆژیک لەمەوبەر جۆن کێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئه‌مریكا ڕایگەیاند، ئێران بەردەوامە لەگێڕانی ڕۆڵە گڵاوەکەی، ئەویش لەڕێگای پشتیوانیکردنی تیرۆر لەهەموو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

کێربی وتویه‌تى:"ئێرانییەکان هەڕەشەن لەسەر هاوپەیمان‌و دۆستەکانی ئه‌مریكاو خاوەنی بەرنامەیەکی موشەکیی چالاکن، من بەناوی وەزارەتی دەرەوەو چۆنێتیی گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتننامەی ناوەکیی قسە ناکه‌م، چونكه‌ ئێمه‌ وەک وەزارەتی بەرگری دەست لەو بابەتانە وەرنادەین".

سەبارەت بەپنتاگۆن، ئەوە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران لە چوارچێوە سەربازی‌و ئەمنییەکەی خۆی دەرنەچوە، بۆیە هەر خواستێک بۆ نزیکبونەوەی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران لەڕێگەی هاوبەشە ئەوروپاییەکانەوە، ڕۆڵی هێزەکانی ئەمریکا لەڕوبەڕوبونەوەو بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکان بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئه‌مریكاو هاوپەیمانەکانی ئه‌مریكا لەناوچەکە پەکناخات.

لەگەڵ ئەوەی فەرماندە باڵاکانی سوپای ئه‌مریكا باس لەوەدەکەن کە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران‌و واشنتۆن لەسایەی ئیدارەی نوێی ئه‌مریكا گەیشتۆتە قۆناغی دەرفەت، بەڵام چاودێران دەڵێن پێدەچێت هەڵسەنگاندنی سەربازیی‌و هەواڵگری بۆ چالاکییەکانی تاران لەناوچەکە بۆ نزیکبونەوەی ئەو دوو لایەنە لەڕوی دیبلۆماسی‌و ئاشتیانەوە مژدەبەخش نەبێت.

لەدوای هاتنی جۆ بایدن بۆ کۆشکی سپیی، بەرپرسانی ئێرانی هەڵوێستی جیاوازو دژبەیەک دەردەبڕن، بەشێوەیەک محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی ئامادەیە بۆ ڕێککەوتننامەی ناوەکی بگەڕێتەوەو دانوستان لەگەڵ ئه‌مریكا بکات، لەکاتێکدا بەشێک لەبەرپرسانی ناو حکومەت‌و پەڕلەمان هەڵوێستی توند بەرامبەر ئه‌مریكاو گەڕانەوە بۆ رێککەوتننامەی ناوەکیی دەردەبڕن.

هەرچەندە چاودێران پێیانوایە دواجار تاران ڕێگای دانوستان هەڵدەبژێرێت، لەبەرئەوەی هیچ کارتێکی لەوه‌ باشترو بەهێزتری لەبەردەستدا نییە.

هەر لەچوارچێوەی لێدوانە دژبەیەکەکانی بەرپرسانی ئێرانیدا، عەباس عێراقچی گەورە یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران لەمیانی بەشداریکردنی لەفێستیڤاڵی ڕێزلێنان لەخاوەنکارە پێشەنگەکانی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئامادەیە پشت بەسیاسەتی ئەوپەڕی دیبلۆماسیی ببەستێت، بەتایبەت کە لەم قۆناغەدا هیچ جێگرەوەیەکی تری نییە.

عێراقچی هەروەک پێشوازی لەهەر گۆڕانکارییەک کردوە کە لەهەڵوێستی ئه‌مریكادا لەبەرژەوەندی زیندوکردنەوەی ڕێککەوتننامەی ناوەکی ڕوبدات، بەڵام لەهەمانکاتیشدا جەختیکردەوە، "ئێران لەهیچ کەسێک ناپاڕێتەوە".

یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئێران جەختیکردەوە، سیاسەتی ئەوپەڕی پشتبەستن بەدیپلۆماسیەت کاتێک سەردەکەوێت کە ببێتە هۆی گێڕانەوەی تەواوەتی ڕێکەوتنى ناوه‌کی بەبێ زیادکردن یان کەمکردنەوەی، هەروەها وتیشی :"پێویستە ئەمریکا بگەڕێتەوە ناو ڕێککەوتننامەکەو پابەندییەکانی خۆی جێبەجێبکات، لەبەرامبەردا ئێرانیش ئامادەیە هەمان کاربکات".

بەقسەی عێراقچی، "ئەگەربێت‌و ئه‌مریكییەکان بیانەوێت جارێکی تر بۆ ڕێککەوتننامەی ناوەکیی بگەڕێنەوە، ئەوە دەبێت سەرەتا سزاکانی سەر ئێران هەڵبگرن، دواتر ئێران ئامادەیە پابەندییەکانی خۆی بەپێی بەندەکانی ڕێککەوتنەکە جێبەجێبکات".

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز، دیبلۆماتکارە ئەوروپاییەکان پێشنیازیانکردوە هەردولایەنی ئێرانی‌و ئه‌مریكی هاوکات‌و بەشێوەیەکی هەمەهەنگی بۆ ڕێککەوتنەکە بگەڕێنەوە، کە ئەوەش ئەو بژاردەیەیه‌ کە ئیدارەی بایدن بەدوایدا دەگەڕێت‌و پێی پەسەندە، هەرچەندە هەندێک لەچاودێران پێیانوایە کە ئەو بابەتە پەیوەستە بەگفتوگۆکردن لەسەر چەند پرسێکی ترو فراوانکردنی ڕێککەوتنەکە تاوەکو بەرنامەی موشەکە بالسیتییەکانی ئێران‌و دەستتێوەردانەکانی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بگرێتەوە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی

بەپەلە