هۆكارەكانی هەڵكشانی بارگرژییەكان لەسەر گۆڕەپانی سیاسی توركیا

مەلەفی تایبەت

06/02/2021‌ 1390 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەڵكشانی بارگرژییەكانی نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیاو هاوكات سه‌رۆكى پارتی دادو گەشەپێدان‌و هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن، چ لەڕوی سیاسی‌و چ لەڕوی میدیاییەوە، ئاماژەیە كە ئەردۆغان دەیەوێت دەستكەوتێكی سیاسی نزیك یان مامناوەند مەودا بەدەستبێنێت، لەمەشیاندا سود لەو باركگرژییە هەرێمی‌و نێودەوڵەتییانە وەردەگرێت كە لەئێستادا یەخەی توركیایان گرتوە، ئامانجیشی داپۆشینی ئەو بارە ئابورییە نالەبارەیە كە توشی حكومەت هاتوە.

لەولاشەوە ئۆپۆزسیۆن لەڕێگەی پێكهانی هاوپەیمانی تازەوە دژ بەدەسەڵات، لەهەوڵی ڕەنگرێژكردنەوەی نەخشەی سیاسی وڵاتدایە، هەموو ئەمانەش ئامانجەكەیان ئامادەسازییە بۆ هەڵبژاردنی ئایندە كە لەمانگی یۆنیۆی 2023 بەڕێوەدەچێت.

هەردوو بەرەكە چەقۆ لەیەكتر دەسون، ئەردۆغان لە26 ی یەنایەری ڕابردوو وتی:"پارتی گەلی كۆماری ناسنامەی سیاسی خۆی لەدەستداوەو بۆتە هەگبەیەكی درۆو فیشاڵ‌و ژینگەیەك بۆ توندڕەوی، بەوپێیەی وتاری ئۆپۆزسیۆن دژ بەهەموو دامەزراوەكانی دەوڵەتە".


لەولاشەوە هەندێك هێزی ئۆپۆزسیۆنی وەك عەلی باباجان‌و كەرەمەڵا ئۆغڵۆ لە25ی یەنایەری ڕابردوو دەسەڵاتیان بەوە تۆمەتباركرد كە پەنا بۆ توندوتیژی دەبات بەمەبەستی لەباربردنی سیستەمی دیموكراسی، لەئێستاشدا توندوتیژییەكی سیاسی لەتوركیا پیادەدەكرێت.

هەردولا هێرشی میدیایی چڕوپر دەكەنەسەر یەكتری، هەر یەكەیان دەڵین ئەوی دیكە بنكە جەماوەرییەكەی دابەزیوەو پەرتەوازەیی تێكەوتوە، میدیاكانی دەسەڵاتی سەر بەپارتەكەی ئەردۆغان دەڵێن ئۆپۆزسیۆن درزیان تێكەوتوە، نمونەش بە دەستلەكاركێشانەوەی 3 ئەندامی پارتی گەلی كۆماری لەپەرلەمانی توركیا دێننەوە وەك ناڕەزاییەك بەرامبەر ئەو سیاسەتەی پارتەكەیان پەیڕەوی دەكات.

لەلایەكی دیكەشەوە مستەفا سارغولی كە یەكێكە لەسەركردە دیارەكانی ئەو پارتە جیابۆتەوەو پارتێكی تازەی بەناوی (بزوتنەوەی گۆڕان) دامەزراندوە، پێشبینی ئەوەشدەكرێت، موحەڕەم ئینجەی پاڵێوراوی پێشوی هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی توركیا پارتێكی تازە بەناوی (نیشتمان) دابمەزرێنێت، چاوەڕێشدەكرێت ئەو پارتە نوێیە چەند پەرلەماتارێكی پارتی (ئەلجید) بەلای خۆیاندا ڕابكێشن كە میڕاڵ ئەكشنار سەرۆكایەتی دەكات.

لەولاشەوە میدیاكانی ئۆپۆزسیۆن كۆششەكانیان لەسەر ئەو ڕاپرسیارنە چڕكردۆتەوە كە چەند كۆمپانیایەكی تایبەت ئەنجامیانداوە، ڕاپرسییەكان ئەوە ئاشكرادەكەن كە بنكە جەماوەرییەكەی پارتەكەی ئەردۆغان داویە لەكەمی، دوا ڕاپرسی كە كۆمپانیای (ماك) ئەنجامیداوە، ئەوەی ئاشكراكردوە كە هەر لەسێ كەسی بەشداربوی ڕاپرسییەكە یەكێكیان پەشیمانی خۆیان دەربڕیوە كە پێشتر لەساڵی 2018 دەنگیان بۆ پارتەكەی ئەردۆغان داوە، زۆرینەی ئەوانەی پەشیمانی خۆیان دەربڕیوە لەلایەنگرانی پارتەكەی ئەردۆغان بون، ڕاشیانگەیاندوە، لەمەودوا دەنگ بۆ پارتە تازەكانی وەك (ئەلخەیر، دیڤاو ئایندە) دەدەن.

دەكرێت پاڵنەرەكانی هەڵكشانی بارگرژییەكانی نێوان دەسەڵات‌و ئۆپۆزسیۆن لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا كۆبكرێنەوە:
یەكەم: گۆڕانكاری نەرێنی
لەو ماوەیەی پێشودا توركیا گۆڕانكاری ڕادیكاڵی گەورەی لەزۆر بواردا بەخۆوە بینیوه‌، وەك گۆڕانی سیستەمی سیاسی لەپەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتی، ئەمەش بنەما دیموكراسییەكانی سەرەوژێركردن‌و پیشێلكاری مافەكانی مرۆڤی بەرەو هەڵكشان برد، لەولاشەوە سیاسەتی دەرەوەی توركیا پەیوەندییەكانی ئەنكەرەی لەگەڵ هەندێك هێزی هەرێمی‌و نێودەوڵەتی بەرەو بارگرژی بردوە، هەموو ئەمانەش باری ئابوری وڵاتیان بەرەو خراپی بردوە كە هاوڵاتی توركییان توشی دۆخێكی نالەباركردوە، بەتایبەت دوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ئەمەش دەرفەتی بۆ ئۆپۆزسیۆن ڕەخساند كە هەڵمەتەكانی بۆسەر دەسەڵات‌و پارتەكەی ئەردۆغان چڕبكاتەوە، بەهەموو گوڕوتینی خۆشیانەوە هەوڵ‌و كۆششی ڕسواكردنی دەسەڵات بدەن.

دوەم: دوبارە ڕێكخستنەوەی پەیكەربەندی هاوپەیمانییەكان
هەندێك لەهێزە سیاسییەكان هەوڵی گۆڕینی نەخشەی سیاسی وڵات دەدەن، بۆیە گەرەكیانە هاوبەندی‌و هاوپەیمانی تازە پێكبێنن، ئەردۆغان هەوڵەكانی خۆی خستونەگەڕ بەو مەبەستەی پارتی (سەعادە) بێنێتە ناو هاوپەیمانییەكەی خۆیەوە كە لەگەڵ پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرستی پێكیانهێناوەو ناوی هاوپەیمانی گەل-یان بەسەردا بڕیوە، لەولاشەوە ئۆپۆزسیۆن دەستی بەجوڵە كردوە، جێگری سەرۆكی پارتی گەلانی دیموكرات هۆشیار ئۆزسۆی لە16 دیسەمبەری ڕابردوی 2020 داوای لەئۆپۆزسیۆن كرد لەسەر پرۆگرامێكی جێگرەوە ڕێكبكەون كە جێگەی پارتەكەی ئەردۆغان‌و هاوپەیمانەكانی بگرێتەوە، لەلایەكی دیكەشەوە پارتی تازە دامەزران، هەندێك وای بۆدەچن لەوانەیە ئەو پارتە تازانە كاریگەری نەرێنیان هەبێت بۆ سەر پەرتبونی دەنگەكانی ئۆپۆزسیۆن، چونكە لەنێو خۆیاندا ناكۆك‌و ناتەبان.

سێیەم: ڕێخۆشكردن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی‌و سەركایەتییەكەی ئایندە
بەهۆی فشاری ئۆپۆزسیۆنەوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پێشوەختە، مشتومڕو مقومقۆكان سەریانهەڵداوە، لەمەشدا ئۆپۆزسیۆن سودی لەدەستەوەستانی حكومەت وەرگرتوو لەدۆزینەوەی چارەسەر بۆ تەنگژە ئابورییەكانی ئێستا، ئەمەش یەكێكبوو لەو هۆكارانەی وای لەئەردۆغان كرد پلانەكانی خۆی بگۆڕێت، بۆیە لە7و 8ی نۆڤەمبەری 2020  بیرات ئەلبەیرەق-ی زاوای‌و وەزیری گەنجینەو دارایی‌و موراد ئۆیساڵی بەڕێوەبەری بانقی ناوەندی لەكارخستن، ئۆپۆزسیۆن ئەو جوڵەیەی ئەردۆغانیان قۆستەوە بۆ سەلماندنی دیدگایان سەبارەت بەكەموكورتی لەچۆنێتی بەڕێوەبردنی دۆسییەی ئابوری، وتیشیان كە ئەو بڕیارە درەنگوەخت بوە، لەمدوایانەشدا وادەردەكەوێت كە هەلەكانی ئۆپۆزسیۆن لەهەڵبژاردنی ئایندەدا بەرەو هەڵكشانە، بەتایبەتیش كە هەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجامبدرێت، ئەمەش بەهۆی پاشەكشەكردنی هەژمون‌و بنكە جەماوەرییەكەی پارتی دادو گەشەپێدانەوە هاتۆتە ئاراوە، لەمەشەوە چەند ئەندامێكی ئەو پارتە جیابونەوەی خۆیان ڕاگەیاندو بانگەشەی دامەزراندنی پارتی دیكەی تازەیان بەگوێى خەڵكدادا.

چوارەم: ژینگە نێودەوڵەتییەكە
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش ڕەخنەو ناڕەزاییەكان دژ بەتوركیا لەچەند دۆسییەیەكی جۆروجۆردا لەهەڵكشاندان، بەتایبەتیش سەبارەت بەجەنگی سوریاو لیبیاو بارگرژییەكانی خۆرهەڵاتی دەریایی ناوەڕاست‌و تەنگژەی ناگۆڕنی قەرەباغ، لەولاشەوە ناكۆكییەكانی نێوان واشنتۆن‌و ئەنكەرە فراوانتربون بەهۆی كڕینی موشەكی ئێس- 400ی ڕوسییەوە كە توركیا پێداگری لەسەردەكات‌و واشنتۆنیش ڕەتیدەكاتەوە، ئەو دۆسییە گریمانەی ئەوەی لێدەكرێت لەسەردەمی ئیدارە تازەكەی ئەمریكا بەسەرۆكایەتی جۆ بایدن بەردەوامبێت‌و بەرەو خراپتریش بچێت، بەوپێیەی بایدن لە28ی یەنایەری ڕابردوو، داوای لەئەنكەرە كرد چەتەو كرێگرتەكانی لەلیبیا پاشەكشە پێبكات، دیارە كە ئۆپۆزسیۆنی توركیا دەیانەوێت ئەو هەلە بقۆزنەوە بۆ زیادكردنی هەژمون‌و هەڵكشانی بنكە جەماوەرییەكەیان‌و كەمكردنەوەی هەژمون‌و بنكە جەماوەرییەكەی پارتەكەی ئەردۆغان لەهەڵبژاردنی ئایندەدا.

پوختەی قسە ئەوەیە، جوڵەكانی ئۆپۆزسیۆن‌و تەنگژەكانی توركیا وایان لەئەردۆغان‌و حكومەتەكەیی‌و پارتەكەی كردوە چەند گۆڕانكارییەكی سیاسی ئەنجامبدەن، بەڵام چاوەڕێناكرێت ئەو گۆرانكارییانە بەردەوامبن یان هیچ شتێك لەدیدگاو هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆن بگۆڕن، بۆیە نائارامی‌و بارگرژییەكانی توركیا چ لەسەر ئاستی نێوخۆیی‌و چ لەسەر ئاستی دەرەكی وەك خۆیان دەمێننەوە.

 

پێگەی ئەليكترۆنی: موستەقبەل
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر