کوڕو کەسە نزیکەکانى بەرپرسان ئارامی و ناوبانگی هەرێم دەشێوێنن

ڕاپۆرت

10/02/2021‌ 4084 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەولێرو سلێمانى لە پایتەختى سیاسى و رۆشنبیرییەوە خەریکە  دەبنە پایتەختى مافییاو لە یاسا دەرچووان، لەم دوو پایتەختەدا کوڕانى بەرپرسە باڵاکان بە پاسەوان و چەک و سامانی لە بن نەهاتووى باوکیانەوە خەریکە ئارامی شار دەخەنە مەترسییەوە، بەجۆرێک ترس و دڵەڕاوکیان خۆستۆتە دڵی هاوڵاتیانەوە.

سامان و پارەو پولێکى بێ شومار، هێزێکی چەکداری راهێنراوی پڕ چەککراو،ئۆتۆمبێلی بێ ژمارەی گرانبەهاى گولەنەبڕ، پاسەوانى گوێڕایەڵ،  وای لە بەشێک لە کوڕ و کەسە نزیکەکانى بەرپرسانی پارتى و یەکێتى کردوە بە ئارەزووی خۆیان یاری بە ئارامى شارەوە بکەن، گوێنەدان بە ترافیکلایت و رێنمایەکانى هاتووچۆ، فول لایت لێدان و هەراسانکردنی شۆفێران لەسەرشەقامەکان، ئەمانەو چەندین کارو سیفەتى دیکە بوونەتە سیمای هەرە سەرەکى بەرپرسان و کوڕو کەسە نزیکەکانیان.

کاتێک ئەوان لە ماڵەکانیان دەچنە دەر دەبێت شەقام و رێگاکانیان بۆ چۆڵ بکرێت، نابێ لەپێشیانەوە بوەستى، نابێت لە بازگەو ترافک لایتەکان رابگیرێن، نابێت لە رێستۆرانت و شوێنە گشتییەکان نزکیان ببیتەوە، لەبۆنەو مەراسیمە تایبەتەکان دەبێت لە ریزى پێشەوە بن، لە قوتابخانەو زانکۆکان دەبێت ئەوان یەکەم بن و هەموو شتێک بن،  هەر کەسێک پێچەوانەى خواستى ئەوان بجوڵێتەوە هەڵدەکوتنە سەری و وەک خۆیان دەڵین حەسیر میدانی دەکەن.

لەچەند رۆژى رابردووداو بینەرى رووداوێکى هەڵکوتانە سەر ئەفسەرێکى پێشمەرگە بووین لەلایەن کوڕی بەرپرسێکى شارى سلێمانییەوە، ئەمە نوێترین کردەوەى کوڕانى بەرپرسانە تا ئامادەکردنی ئەم راپۆرتەو کەس نازانێت دوای ئەم ڕاپۆرتەش چیتر رودەدات؟

هەرچەندە لەئێستادا هەردوو لایەنى رووداوەکە دەستگیر کراون، بەڵام لە پشتى پەردەوە بە رێکەوتنێکى کۆمەڵایەتى خەریکە رووداوەکە کپ دەکەن، هەر ئەم جۆرە رێککەوتنانەشە بوونەتە فریادڕەسی بەرپرسان و کوڕو کەسە نزیکەکانیان و وەک بەرزەکى بانان بۆی دەردەچن.

باڤڵ تاڵەبانى هاوسەرۆکى یەکێتى لەسەر ئەو رووداوە وتی" دەمانەوێ سلێمانى پاک بکەینەوەو کوڕی بەرپرس بێت یان هەر کەسێک لێی قبوڵ ناکرێت و هەمان شتی بەرامبەر دەکرێت".بەڵام پرسیار ئەوەیە ئاخۆ دەتوانرێت ئەم کارە بکرێت؟

کور و پاسەوان و هێزی کەسە دەستڕۆشتوەکان هەر بە ئازاردان و پەلاماردان و تەقەکردن لە خەڵکی مەدەنی و بێدەسەڵاتەوە نەوەستاون، ئەوەتا بە ڕۆژی ڕوناک و بە بەرچاوی هەموو دونیاوە ئەمڕۆ هێزێکی کەسیی پەلاماری هێزێکی ئاسایش دەدەن لە یەکێک لە بازگەکانی سلێمانیدا و کەسێک دەکوژن و چەندی تر بریندار دەکەن، کەئەمە دەیسەلمێنێت ئەوان سەرەرای پەلامار و هێرش و کوشتنی خەڵکی مەدەنی، پەلاماری هێزە ئەمنیەکانی وڵاتیش بە مافی خۆیان دەزانن

ئەم جۆرە ڕوداوانە سالانە دووبارە دەبنەوەو تا ئێستاش نە حکومەت و هێزە ئەمنییەکان نە بەرپرسە سیاسیەکان نەیانتوانیوە کۆنترۆڵی کور و پاسەوان وکەسوکارەکانیان بکەن کە بە ناوی ئەوانەوەو بە چەک و ئۆتۆمبێلی ئەوانەوە جۆرەها تاوان و دەستدرێژی و هەڕەشە بۆسەر کەسانیتر ئەنجامدەدەن.
هەر لە هەڕەشە کردن لە پزیشک و ناچارکردنی بە جێهێشتنی وڵات و هەراسانکردنی دادوەر و هەڵکوتانە سەر چیشتخانەو کافتریاو شوێنە گشتییەکانەوە بیگرە تا دەگاتە بەکار هێنانی چەک بەرامبەر خەڵکی مەدەنی و سوتاندنی پوش و پاوانی گوند.

لە لایەکی ترەوە دەستدرێژی و هەراسانکردنی کچان و ژنان و تا دەگاتە کچانی منداڵ و دەستدرێژی کردنە سەریان لەلایەن پاسەوانی بەرپرسانەوەو دواتر ناچارکردنی کەسو کارەکەی بە جێهیشتنی شارێک و چونی بۆ شاریكی تر بە هیوای ئەوەی وێرای دەستدرێژییەکە گیانی ماڵ و منداڵی پارێزراو بێت بەشێک بوە لەو دیمەنانەی لەلایەن کەسانی نزیک لە بەرپرسان و بە پشتیوانیی ئەوانەوە بینەری بووین.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا حاڵەتەکانى هێرشکردنە سەر رۆژنامەنوسان و دەزگاکانى راگەیاندن، بارەگا حزبییەکان و چالاکوانان لەلایەن بەرپرسانى سەربازى و حزبییەوە لە هەرێمى کوردستان بە گشتى زیادی کردوەو بەردەوام روو دەدەن.

ئەمانەش بەشێکن لەو هەڵمەتى هێرش و پەلاماردانانەى کە لەلایەن پارتە دەسەلاتدارەکان و بەرپرس و کەسە نزیکەکانیانەوە ئەنجامی دەدەن،  ئەمانە لەسەروو یاسایەکەوەن نەکەس دەتوانێت پێیان بڵێت پشتى چاوتان برۆیە نەکەس دەتوانیت سکاڵایان لەسەر تۆمار بکات، نە کەس دەتوانێت داواى قەرەبوویان لێ بکات و کەسیش ناتوانێت تۆڵەیان لێ بکاتەوە، سڕی ئەم پێ نەوێرانەش دەسەڵاتى رەهای باوانیانە کە ناسنامەی شۆڕشگێڕییان لە گیرفاندایەو بەو ناسنامەیە رەوایەتى بە هەموو جۆرە پەلاماردان و هەڵکوتانە سەر هەموو کەس و شوێنێکیان بۆ رەخساوە.

ئەم دۆخەى لە سایەى کوڕانى بەرساندا روودەدات پێچەوانەی ئەو بانگەشانەیە کە دەسەڵاتدارانى هەرێم لە دونیای دەرەوە دەیکەن و شانازی بە ئارامی و ئاسایشى کوردستانەوە دەکەن، بەڵام لەناوخۆدا هەر کوڕی ئەو بەرپرسانەو پاسەوان و نزیکەکانى ئەوانن کە ئارامیان لەشار تۆراندووەو خەڵکانی دیکەش چاویان لێ دەکەن.

بەشێک لە شارەزایانى بوارى ئەمنی و ئاسایش ئەم جۆرە رەفتارانە لە وڵاتانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست کە تیایدا دەسەڵاتداران و کەسە نزیکەکانیان ئەنجامى دەدەن وەک جۆرە تیرۆرێکى مۆدێرن پێناسە دەکەن بەو پێیەی بەشی زۆری خەسڵەتەکانى تیرۆری کلاسیکیان تێدایە.

ئەو شارەزایانە پێیانوایە لەڕوویەکەوە ئەم تیرۆرە مۆدێرنە ترسناکترە لە تیرۆرە کلاسییەکەکە، چونکە تیرۆرستان چارەنوسیان بە کوشتن یان گرتن یان خۆشاردنەوەى هەمیشەیی کۆتایی دێت، بەڵام ئەنجامدەرانى هەڵکوتانە سەرو پەلاماردان و تەقەکەر بە پشت بەستن بە هێزو سامانى باوکیان بێ باکانە بە بەرچاوی یاساو حکومەتەوە  دێن و دەچن و هەموان دەستەوەستانن لە ئاستیان چونکە ئەوان کور و پاسەوان و کەسی نزیکی بەرپرسانن.
س.هـ