شارپرێس:
میدیاى تورك ئاماژهى بهوهكردوه، لەدوای گرتنە دهستى دەسەڵات لهلایهن پارتی دادو گەشەپێدان لەتورکیاو زاڵبونی ڕەوتە ئیسلامییەکان بەسەر ناوەندە زانستیو ئەکادیمییەکانی ئەو وڵاتە، پێگەی زانستیو ئەکادیمیو فیکری تورکیا لەسەر ئاستی جیهان پاشەکشەیکردوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ماڵپهڕى "ئەحوال"ی تورکی، بۆرک بێکدیل نوسەر لەپەیمانگای گەیتستۆنو هاوەڵی کۆڕبەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت:"تورکیا کە ژمارەی دانیشتوانەکەی ٨٢ ملیۆن کەسە، تائێستا تەنیا دوو خەڵاتی نۆبڵی بەدەستهێناوەو لەسەر ئاستی جیهانی لەپلەی ٦٢دایە، کە بەپێی ئەو ئەنجامە دۆخی تورکیا لەناوچەکانی فەڵەستین، بولگاریا، گواتیمالا، ئازەربایجان، جەزائیر، یەمەن، غاناو عێراق خراپترە، تەنانەت نەمسا کە ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی دەیەکی دانیشتوانی تورکیا دەبێت، لەبەدەستهێنانی خەڵاتی نۆبڵ لەپلەی شەشەمدا دێت".
لەسەر ئاستی پێشکەوتنی زانستی، تورکیا لەپلەی ٣٥ی جیهانیدایە، لەکاتێکدا ئیسرائیل لەدوای ئەمریکا لەپلەی دوەمدا دێت.
ئۆرهان پامۆک ڕۆماننوسی تورک، یەکەم کەسە لەسەر ئاستی تورکیا لەساڵی ٢٠٠٦ خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی بەدەستهێنا، هەروەک لەساڵی ٢٠١٥ عهزیز سنکەر زانای بایۆلۆجی گەردیلە کە خەڵکی ناوچە کوردنشینەکانی تورکیایەو لەئەمریکا خوێندویەتیو لەگەڵ تۆماس لیندالو پۆڵ مۆدریچ خەڵاتی نۆبڵی لەکیمیادا بەدەستهێنا.
لەم ماوەیەی دواییشدا تورکەکان شانازی بەئۆزلیم تۆریچیو ئۆغور شاهینی بەڕەگەز تورک دەکەن، لەکاتێکدا شاهین خەڵکی شاری ئەسکەندەرونەی باشوری تورکیایەو لەئەڵمانیا گەورە بوەو باوکی لەکارگەی فۆرد کاریکردوە، هەرچی تۆریچی هاوسەریەتی لەئەڵمانیا لەدایکبوەو کچی پزیشکێکی تورکە کە کۆچیان کردوە بۆ ئەڵمانیا.
نوسەر دەڵێت:"ناوەندی زانستی تورکیا لەژێر دەسەڵاتی سیستەمی ئیسلامیدا لەدۆخێکی سەختدایە، بەشێوەیەک سیستەمەکە ئاستەنگ بۆ گەشەی زانستیو فیکری دروستدەکات، لەکاتێکدا هاوڵاتیانی تورکیا لەڕۆژئاوا سەرکەوتنی گەورە بەدەستدەهێنن".
دوای هەوڵی کودەتا شکستخواردوەکەی ١٥ی تەمموزی ٢٠١٦، سەرۆکی تورکیا بەمشتێکی ئاسنین کەوتە سەرکوتکردنی نەیارانی، بەشێوەیەک 15 ههزارو 200 بەرپرسی وەزارەتی پەروەردەو ٢١ هەزار مامۆستای لەخوێندنگا تایبەتەکاندا دەرکردو ئەنجومەنی خوێندنی باڵا داوای لەههزارو 577 ڕاگری زانکۆ حکومیو ئەهلییەکان کرد کە دەستلەکاربکێشێتەوە، کە لەکۆی گشتی 626 دامەزراوەی پەروەردەیی داخراون کە زۆربەیان هی کەرتی تایبەتبون.
لەبەرامبەر ئەوەدا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا شانازی بەوەوە دەکات کە ژمارەی ئەو خوێندکارانەی لەتورکیا بۆ ئیمامو خەتیبی دەخوێنن بۆ ملیۆنێکو ٣٠٠ هەزار خوێندکار بەرزکردۆتەوە لەکاتێکدا لەساڵی ٢٠٠٢ ئەو ژمارەیە تەنیا ٦٠ هەزار خوێندکار بوو، هەروەک شیلبی فوتی نوسەری ئەمریکی دەڵێت:"زانکۆکانی تورکیا کۆمەڵە باڵەخانەیەکن لەدەوری کتێبخانەو مزگەوت دروستکراون".
وادیارە خوێندنی ئیسلامیی لەتورکیا دەرگای بەرەو توندڕەوی داخرانی کۆمەڵگە بردوە، نمونەش لەسەر بیرکردنەوەی توندڕەوانەی دەرچوانی ئەو خوێندنگا ئیسلامیانە زۆرە، وەک ئەوەی نورەددین یهڵدز توێژەری ئیسلامیی تورکی دەڵێت:"کارکردنی ئافرەت ڕێگای بەرەو بڵاوکردنەوەی لەشفرۆشیی خۆشکرد"، هەروەک تەیفور ئەردۆغدو پڕۆفیسۆری یاریدەدەر بەتەلەفزیۆنی تەرەتەی حکومی وتوە، ئەو بەردەوام لەخەونەکانیدا چاوی بەخواو پێغەمبەری خوا دەکەوێت، هەرچی فورات بوڵوتە کە توێژەرە لەزانکۆی جەناق قەڵعەو سەرۆکی ناوەندی ڕاگەیاندنی زانکۆکە، بەرهەڵستکارانی ئەردۆغانی بەبەچکەی ژنە لەشفرۆشەکان وەسفکردوه.
لەلایەکی ترەوە یاڤوز ئۆرنیک ئەکادیمی سەر بەحکومەتو مامۆستای زانکۆی ئیستانبوڵ دەڵێت:"زانستی دەریاوانیو تەکنەلۆژی لەسەر پێغەمبەر نوح لەئێستا پێشکەوتوتر بوە"، هەروەک لە ساڵی ٢٠١٨ ئەحمەد ئەجیراکشا سەرۆکی زانکۆی ئۆرتوغڵو لەماردین داوای لەسەرۆکی زانکۆکانی تورکیا کرد کە پێویستە عەمامەی ئیسلامیی ببەستن.
لەنۆڤەمبەری ساڵی ٢٠١٨، پڕۆفیسۆر ئیبراهیم ئەمیرئۆغڵو سەرۆکی ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی زانکۆی ٩ی ئەیلول لەئیزمیرو ڕاگری کۆلێژی فڕۆکەوانی داوای لەکچان کرد کە پێویستە هەمویان سەرپۆش بکەن، هەروەک وتیشی:"گەورەترین مەترسیی لەسەر کۆمەڵە بریتییە لەعەلمانییەت".
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی