لەڕێگای پرۆژەیاسایەکەوە هەوڵ دەدرێت پارە لەجیاتی بەشەخۆراکی مانگانە دابەشبکرێت

عیراق

14/02/2021‌ 1020 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرای کردووە کە پێشنیازێک هەیە بۆئەوەی لەڕێگای پرۆژە یاسایەکەوە لەجیاتی بەشەخۆراکی مانگانە پارە بەسەر هاوڵاتیاندا دابەش بکرێت، بەوپێیەی بەفیڕۆدانێکی زۆر لە پرۆسەی کڕینی ماددە خۆراکییەکاندا هەیە، بەشێوەیەک زۆر لەو نرخە گرانتر دەوەستێت کە لەبازاڕدا هەیە.

ئیخلاس دلێمی ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کردووە کە پێشنیازێک هەیە بۆئەوەی هاوڵاتیان لەجیاتی بەشەخۆراکی مانگانە پارە وەربگرن، لەبەرئەوەی لەپرۆسەی کڕینی ماددە خۆراکییەکاندا بەفیڕۆدانێکی زۆر هەیە و نرخەکەی زۆر لە نرخی بازار گرانتر دەوەستێت.

دلێمی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە بۆنموونە ئەو خەرجیەی بۆ هاوردەکردنی پشکی ئاردی یەک مانگی هاوڵاتییەک ٩ هەزار دینار دەوەستێت، لەکاتێکدا ئەو بەشە ئاردە لەبازاڕی عێراقیدا  تەنیا ٤ هەزار دینار دەکات.

بەقسەی ئەو پەڕلەمانتارە پێشنیاز هەیە بۆئەوەی لەڕیگای یاسایەکەوە ئەو ماددە خۆراکیانە لەڕێگای پارەی نەختینەییەوە بدرێتە هاوڵاتیان، تاوەکو لەوڕێگایەوە کۆتایی بەو گەندەڵییە بهێنرێت کە لەو پرۆسەیەدا هەیە، ڕوونیشی کردۆتەوە کە پێشنیازەکە هێشتا لەلایەن لیژنەکەیان و لیژنە پەڕلەمانییەکانی تر هەڵسەنگاندنی بۆدەکرێت.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی