وردەکاریی ڕفاندنی ئەو دوو ئەفسەرە باڵایەی میت کە تورکیا ویستی دەربازیان بکات

کوردستان

15/02/2021‌ 11116 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا تورکیا لەڕێگای ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییەوە بۆسەر چیای گارە هەوڵیدا ژمارەیەک لەدیلەکانی کە لەو ناوچەیە لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌كه‌كه‌)وە زیندانیکرابون دەربازبکات، بەتایبەت کە دوو گەورە ئەفسەری هەواڵگری تورکیایان لەناودابوو کە لەساڵی ٢٠١٧و لەهاوینە هەواری دوکان لەلایەن پەکەکەوە ڕفێنران‌و تورکیا زۆر بەلایەوە گرنگ بوو بەهەر نرخێک بێت لەدەستی پەکەکەیان دەربهێنێت.

ڕۆژنامەی "لۆمۆند"ی فەڕەنسی ڕاپۆرتێکی لەسەر وردەکارییەکانی دەستگیرکردنی ئەو دوو ئەفسەرە باڵایەی میتی تورکیا بڵاوکردۆتەوە کە یەکێکیان جێگری سەرۆکی بەشی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای هەواڵگری تورکی (میت)ه‌و ئەوەی تریان بەرپرسی بەشی بەرەنگاربونەوەی پەکەکە بوه‌ لەناو هەمان دەزگادا، هاوكات چۆنێتی کەوتنە ناو ئەو تەڵەیەی ڕونکردۆتەوە کە پێشتر پەکەکە بۆی داناون.

بەپێی ڕۆژنامەکە، ئەو دوو کەسە کاتێک دەستگیرکراون کە خۆیان سەرپەرشتی پرۆسەیەکی وەهمیان کردوە بۆ ڕفاندنی یەکێک لەسەرکردە باڵاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان.

ڕۆژنامە فەڕەنسییەکە لەبەرپرسێکی هەواڵگری هەرێمی کوردستانەوە گواستوویەتیەوە کە تورکیا لەساڵی ٢٠١٥وە دەیەوێت سەرکەوتنێکی گەورەی هاوشێوەی پرۆسەی ڕفاندنی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان لەساڵی ١٩٩٩ تۆماربکات، لەوچوارچێوەیەدا ئەو دوو گەورە بەرپرسەی میت لەمانگی ئابی ساڵی ٢٠١٧ پێیانوابوە کە خەریکە کارێکی لەو جۆرە دەکەن، بەڵام لەجیاتی ئەوە کەوتنە ناو بۆسەیەکی وردی سیخوڕێکی دووسەرە کە چەند ساڵێک پێشتر پەکەکە لەناو میتی تورکیدا چاندبوی.

بەقسەی هەمان سەرچاوە، سیخوڕەکەی پەکەکە نزیکبوە لەسەرکردەکانی ئەو حزبەوەو پێشتر بەپیلان خۆی ڕادەستی تورکیا کردوەو زانیاری وردو گرنگی لەسەر پەکەکە داوەتە دەزگای هەواڵگری تورکیا، کە بەقسەی خۆی ئەو زانیاریانەی لەڕێگای تۆڕێکی خۆی لەناو پەکەکەوە بەدەستدەگات، بەڵام لەڕاستیدا هەموو کارەکانی لەسەر ڕێنمایی سەرکردایەتیی پەکەکە کردوە، تاوەکو لەوڕێگایەوە ببێتە جێگای متمانەی ئەو دەزگا هەواڵگرییەی تورکیا.

دوای ئاسانکاریکردنی بۆچەند سەرکەوتنێکی دەزگای هەواڵگری تورکیا لەدژی پەکەکە، سیخوڕە دوسەرەکە پێشنیازی بۆ تورکەکان کردوە پلانی دەستگیرکردنی جەمیل بایکی هاوسەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان جێبەجێبکەن، کە یەکێکە لەدامەزرێنەرانی پارتی کرێکاران‌و بەسەرکردەیەکی توندی ئەو پارتە هەژماردەکرێت.

لەبەرئەوەی بایک نەخۆشییەکی ترسناکی لەبڕبرەی پشتیدا هەبوە، بۆیە پەکەکە ویستویەتی لەڕێگای ئەو سیخوڕەوە ئەوە بخاتە مێشکی تورکەکانەوە کە لەسەرەتای مانگی ئابی ٢٠١٧ لەیەکێک لەنەخۆشخانەکانی شاری سلێمانیی نەشتەرگەریی بۆدەکرێت‌و بۆئەوەشی نەبێتە جێی سەرنج، جوڵەکانیشی بەهاوڕێیەتی چەند پاسەوانێکی کەمەوە دەبێت.

سیخوڕەکە لەگەڵ هەواڵگری تورکیا پیلانی ڕفاندنی بایک دادەنێن، بۆئەوەش تیمی میت ڕودەکەنە هەرێمی کوردستان‌و لەهاوینەهەواری دوکان‌و لەسەر ئەو ڕێگایەی وابڕیارە گەورە بەرپرسەکەی پەکەکەی پێدابڕوات، جێگیردەبن.

بەپێی هەواڵگری تورکیا هەموو شتێک بەوپەڕی وردییەوە پلانی بۆدانراوە، بۆئەوەش هێلیکۆپتەرێک لەناوچەیەکی نزیک پرۆسەکە ئامادەکراوە تاوەکو بەخێرایی بایک بۆ تورکیا بگوازێتەوە، بەشێوەیەک تورکەکان ئەوەندە لەسەرکەوتنی پرۆسەکە دڵنیابون بۆیە جێگری سەرۆکی بەشی ئۆپەراسیۆنەکانی میت‌و سەرۆکی دۆسیەی پارتی کرێکاران لەناو میت ئامادەی شوێنی گرتنی بەرپرسەکەی پەکەکە بون.

بەڵام وەک چاوەڕێدەکرا ئۆتۆمبێلەکەی جەمیل بایک هەر نەگەیشت، بەڵکو لەجیاتی ئەوە هێزێکی پارتی کرێکارانی کوردستان بەسەر جێگاکەیاندادا‌و لەچاوتروکانێکدا هەموو سیخوڕە تورکەکان قۆڵبەستکران‌و بەرەو ناوچە شاخاوییەکانی ژێر کۆنترۆڵی پەکەکە گوازرانەوە.

بەگوێرەی سەرچاوە ڕۆژنامەوانییەکان، تورکیا گوشاری خستۆتە سەر یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بۆئەوەی لەئازادکردنی بەرپرسەکانی میت هاوکاریان بێت، بەڵام پارتی کرێکارانی کوردستان ڕەتیکردۆتەوە تەنانەت قسەش لەسەر ئەو بابەتە بکات، بەوپێیەی ئەو دووکەسە بەلای ئەوانەوە گەنجینەیەکی زۆر بەنرخن.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی