هێڵی دەریایی ئێران ـ سوریا زیان بەعێراق دەگەیەنێت

عیراق

15/02/2021‌ 1171 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

كەیوان كاشفی سەرۆكی ژوری بازرگانی (ئێران ـ سوریا) دانی بەوەداناوە كە لەبوارەكانی باركردن‌و گواستنەوەدا گرفتیان هەیە لەبازرگانیكردن لەگەڵ سوریا، بەوپێیەی سنورێكی هاوبەشیان لەگەڵ سوریادا نییە، بەهۆی چەند گرفتێكی دیكەشەوە ناتوانن لەڕێگەى عێراقەوە كاڵاكانیان بگەیەننە سوریا.

ئاژانسی هەواڵی (فارس)ی ئێرانی بڵاویكردۆته‌وه‌، ڕێوشوێنی هەماهەنگكاری پێویست لەنێوان ژوری هاوبەشی بازرگانی ئێران - سوریاو لیژنەی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابورییەكانی (ئێران - عێراق‌و سوریا)و كەشتیڕانی دەریایی ئێرانی گیراوەتەبەر، بۆیە بڕیاریانداوە مانگی جارێك هێڵێكی كەشتیڕانی دەریایی لەبەندەر عەباسەوە بەرەو لازقییە بخەنەگەڕ.

ئاژانسه‌كه‌ ئەوەشی ڕونكردۆتەوە، كەشتییەكان بارەكانیان لەكۆنتێنەرو كاڵای هەڵڕژاوەكان باردەكەن‌و هیچ كۆت‌و بەندێك لەوبارەوە ڕێگرییان لێناكات، بۆیە لەمەودوا بەمشێوەیە ئێران كاڵاكانی هەناردەی سوریا دەكات.

ئاژانسەكە باسی لەوەشكردوە، ئەو هێڵەی گواستنەوە پێشتریش كاری پێكراوە، بەڵام ڕێكخراو نەبوە، بۆیە بەهۆی ناڕێكوپێكی‌و دوری ماوەی گواستنەوەو دواكەوتنی بارەكانەوە لەڕوی ئابورییەوە زۆر سودبەخش نەبوە.

كاشفی وادەی دەرچونی یەكەم كەشتی بازرگانی ئەو كاڵایانەی بە10ی مانگی ئایندە دیاریكردوە كە لەبەندەر عەباسەوە بەڕێدەكەوێت بەرەو بەندەری لازقیەی سوریا، ئەوەشی وتوە، "دوو هێڵی گواستنەوەی بازرگانی لەنێوان ئەو دوو بەندەرەدا دەخرێنەگەڕ".

كاشفی باسی لەكاریگەری سزا ئابورییە سەپێنراوەكانی سەر وڵاتەكەی نەكردوە كە ڕێگربن لەگواستنەوەی كاڵاكانیان بۆ سوریا، بەڵكو هۆكارەكەی بۆ ئەوە گێڕاوەتەوە كە سنورێكی هاوبەشی بازرگانیان لەگەڵ سوریادا نییە، وتوشیه‌تى:"تەنها سێ ڕێگە هەن بۆ  گواستنەوەی كاڵاكانیان بۆ سوریا؛ یان ڕێگەی وشكانی لەعێراقەوە بەرەو سوریا كە لەئێستادا لەبەر چەند گرفتێك ئەوكارە سەختەو ناكرێت پشتی پێببەستن، یان لەڕێگەی بەندەری مێرسین-ی توركیاو لەوێشەوە بۆ سوریا كە تێچونەكەی زۆرەو گرفتی دیكەشی دێنەپێش، بۆیە بژاردەی هێڵێكی كەشتیڕانی دەریایی لەبەندەر عەباسەوە بۆ سوریا لەبژاردەكانی دیكە باشترە".

كاشفی ئاماژەى بەوەشداوە، پێشتر ئەو هێڵە ئەكتیڤ بوە، بەڵام گواستنەوەی كاڵاكان ڕێكخراو نەبوەو بارەكان لەبەندەرەكانەوە زۆر دوادەكەوتن، سەرباری ئەوەش ماوەی نێوان ئەو دوو بەندەرە دورودرێژە، بۆیە لەڕوی ئابورییەوە سودێكی ئەووتۆی نەبوە.

لەئێستادا ئێران بۆ گواستنەوەی كاڵا بازرگانییەكانی دەیەوێت ئەو هێڵە (بەندەر عەباس – لازقییە) ئەكتیڤ بكاتەوە، بۆ ئەوەش كاشفی باسی لەوەنەكردوە ئاخۆ بەهۆی سزا ئابورییە سەپێنراوەكانی ئەمریكای سەر ئێران‌و سوریا، كەشتییە ئێرانییەكان دەتوانن ئەو ڕێگەیە بەكاربێنن‌و لەبەندەری لازقییە لەنگەربگرن.

بەهۆی یاسای قەیسەر-ەوە كە ئەمریكا لەساڵی 2020 بەسەر سوریادا سەپاندویەتی، قەدەغەیە هیچ مامەڵەیەكی سەربازی یان بازرگانی لەگەڵ دیمەشقدا ئەنجامبدرێت، لەساڵی 2019شدا دەسەڵاتدارانی جەبەل تاریق ڕێگریان لەكەشتی (گریس1)ی ئێرانی كرد كە لەدەریای ناوەڕاستەوە بچێتە بەندەرەكانی سوریا، ئەمەش بەگوێرەی لیستی سزا ئابورییە ئەورپییەكانی سەر سوریا، بۆیە كەشتییەكە بۆ ماوەیەك دەستی بەسەرداگیرا، دواتریش ناچاركراوە ڕێگەی پێچاوپێچی دورودرێژ بگرێتەبەر تا لەكۆتایدا گەیشتە بەندەرەكانی سوریاو بارەكەی داگرت.

لەچەند ڕۆژی ڕابردودا كاشفی سەردانی سوریای كردو چاوی بەگەورە بەرپرسانی سوریاو ژوری بازرگانی حەلەب كەوتوە، لەوێ پەیوەندییە ئابورییەكانی نێوان ئێران – عێراق - سوریاو ڕێكخراوی كەشتیڕانی دەریایی ئێران تاوتوێكراوە، بۆیە كاشفی پێشبینی ئەوەیكردوە كە ئەگەر ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی  نێوان تاران‌و دیمەشق بەرەو هەڵكشان بچێت، دەبێت چەندەها هێڵی دیكەی گواستنەوەی بازرگانی لەنێوانیاندا بكرێنەوە، بەم هەنگاوەش هەر بازرگانێكی ئێرانی دەتوانی كاڵاكانی بگەیەنێتە سوریا. 

سەرچاوەیەكی ئابوری لەدیمەشقەوە ئەوەی ئاشكراكردوە، كاشفی لەو سەردانەیدا باسی لەژوری بازرگانی ئێرانی كردوە كە 24  كۆمپانیا كاری تێدادەكەن‌و دەتوانن لەو ڕێگەیەوە پەیوەندی بەژوری بازرگانی‌و پیشەسازیی‌و كشتوكاڵی شارەكانی سوریاوە بكەن، بەرپرسانی سوریاش ئەوەیان بۆ كاشفی ڕونكردۆتەوە، تاران دەتوانێت سوریا بكاتە شوێنێك بۆ وەبەرهێنانەكانی‌و بیكاتە دەروازەیەك بۆ گواستنەوەی كاڵا بازرگانییەكانی بۆ بازاڕە عەرەبییەكان، بەتایبەتیش كە لەئێستادا پڕۆژەیاسایەكى تازەی بازرگانی لەسوریا تاووتوێدەكرێت.

هەر لەو دیدارەدا سوریا داوای لەئێران كردوە ڕێبازێك بدۆزێتەوە بۆ حەواڵە بانكییەكانی نێوان تاران‌و دیمەشق، تاوەكو بازرگانانی هەردوو وڵات سودی لێوەربگرن، هەروەها پەیڕەوی لەگۆڕینەوەی سەر بەسەری كاڵاكان بكەن لەنێوان هەردوو وڵاتدا، تاوەكو ئاسانكاری بازرگانی بۆ هەردولا فەراهەمبێت‌و هاندەرێكیش بێت بۆ كۆمپانیا گەورەكانی ئێران بۆ پاڵپشتیكردن‌و بنیتنانەوەی كارگە وێرانبوەكانی سوریا، هەروەها تاران بتوانێت كەرەستەی خاوی سەرەتای بۆ ئەو كارگانە دابین بكات‌و لەڕێگەی عێراقیشەوە ڕێگەی وشكانی بازرگانی دیكە بكاتەوەو كاڵاكانی بگەیەنێتە سوریا.

پێشتریش وەزیری گواستنەوەی ئێران محەمەد ئیسلامی  ڕایگەیاندبوو، ئێران بەنیازە پڕۆژەی هێڵی شەمەنەفەری ئاسنین دابمەزرێنێت بەو مەبەستەی لەڕێگەی عێراقەوە هەردوو بەندەری ئیمام خومەینی ئێرانی‌و لازقییەی سوری بەیەكەوە گرێبدات.

ژوری بازرگانی سوری – ئێرانی لەساڵی 2019 كارەكانی دەستپێكردوە، بەو ئامانجەی تاران بتوانێت بەشدارییەكی كارابكات لەپڕۆسەی بونیادنانەوەی سوریا، لەساڵی 2019 جوڵەیەكی ئابوری زۆر لەنێوان ئێران‌و سوریادا دەستیپێكردوە، هەر لەوساڵەداو لەڕێگەی هێڵی دەریایی  ئێران – سوریا، شەش كەشتی بارهەڵگری ئێرانی 12جار گەیشتونە بەندەری لازقییەی سوریا، بەڵام دواتر بەهۆی سەپاندنی یاسای قەیسەرەوە ئەم ڕێگە بازرگانییە دەریاییە پەكیكەوت‌و داخرا.

وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
پێگەی ئەلیكترۆنی: شەرقلئەوسەت