شارپرێس:
بەگوێرەی میدیاکانی هیندستان، منداڵەکانی جوتیارێکی هیندی بەبڕیارێکی باوکیان توشی شۆکبون کاتێک زانیاویانە هەموو سەروەتو سامانەکەی خۆی بەناوی سەگەکەیانو ژنی دوەمییەوە تۆمارکردوە.
ئۆم ناران فیرمای تەمەن ٥٠ ساڵ، بڕیاریداوە هەموو موڵکو زەوییە کشتوکاڵییەکانی بەناوی سەگەکەیەوە بکات کە بەردەوام لەپاڵیدابوەو هاوکاریکردوە، بەڵام منداڵەکانی هەرگیز ئامادەنەبون لەکارەکانیدا هاوکاری بکەن، بۆیە لەبەرامبەر ئەوەدا بڕیاریداوە بەوکارە سزایان بدات.
بەپێی وەسیەتەکەی فیرما کە لەدوو ژەنەکەی خاوەنی پێنج کچو کوڕێکە، لەدوای مردنی نیوەی سامانەکەی بۆ ژنی دوەمی دەچێتو نیوەکەی تریشی بۆ سەگەکەی دەبێت، بەوپێیە ئەوکەسەی خزمەتی سەگەکەی دەکات پشکی لەموڵکو ماڵەکەیدا دەبێت.
لەبەشێکی تری وەسیەتەکەیدا هاتوە، "هیچکام لەمنداڵەکانم پشکیان لەمیراتەکەمدا نابێت، لەبەرئەوەی ڕۆژێک لەڕۆژان گرنگیان پێنەداوم".
فیرما نوسیویەتی:"منداڵەکانم شایەنی ئەونین میراتی من وەربگرن، بۆیە بۆئەوانەی بەجێدەهێڵم کەلەپاڵمدا بونو گرنگیان پێداوم، ئەگەر بشیانەوێت پشکیان لەمیراتەکەدا هەبێت، ئەوە دەبێت بیسەلمێنن کە دەتوانن خزمەتی سەگەکە بکەن کە موڵکەکە بەناوی ئەوەوەیە، هەرکاتێکیش سەگەکە مرد ئەوە دەتوانن پارچەیەک لەزەویەکەیان بەربکەوێت".
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی