خواردنەوە گازییەکان مەترسیی فشەڵبونی ئێسک زیاتر دەکەن

تەندروستی

17/02/2021‌ 290 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

خواردنەوە گازییەکان بەتایبەت کۆکاکۆلاو پێپسی‌و سۆدا هیچ بەهایەکیی خۆراکییان تێدانییەو خاڵیین لەڕەگەزە خۆراکییە بەسودەکانی وەک ڤیتامین‌و کانزاکان، یان پڕۆتین‌و چەوری‌و هەر مادەیەکی بەسودی تر بۆ جەستە، بەپێچەوانەوه‌ بەهۆی ئەو مادە پێکهێنەرانەی تییاندایە گەلێک زیانی تەندروستیان هەیە کە دەکرێت زیانەکانیان بەمجۆرە دەستنیشان بکەین:

زیادبونی کێش‌و قەڵەوبون: لەبەرئەوەی ڕۆژانە خواردنەوەی یەک قوتوی ئەو خواردنەوانە کە دەکاتە ٣٣٠ ملیگرام، ئەگەری هەیە مانگانە ٥٠٠ گرام یان زیاتر لەکێشی جەستە زیادبکات، بەوپێیە مەترسییەکانی زیادبونی قەڵەوی‌و کەڵەکەبونی چەوری لەدەوروبەری ورگ پەیوەستە بەخواردنەوەی ئەو جۆرە خواردنەوە گازیانەوە.

زیادبونی مەترسیی توشبون بەشەکرە: لەپاڵ ئەو ژمارە زۆرە لەکالۆری کە مرۆڤ لەئەنجامی خواردنەوە گازییەکان بەدەستیدەهێنێت؛ لەهەمانکاتیشدا کاریگەریی دەبێت لەسەر توانای جەستە لەسوتاندنی شەکرەکان، کە ئەمەش لای خۆیەوە کاریگەریی هەیە لەسەر زیادبونی ئەگەرەکانی توشبون بەنەخۆشیی شەکرە، بەوپێیەی پەنکریاس ناچاردەبێت بڕێکی زۆر ئەنسۆلین دەربدات کە بەتێپەڕبونی کات ئەنسۆلینەکە کەم کاریگەرترو هەستیارتر دەبێت بەرامبەر بەچۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ شەکرەکە.

زیادبونی مەترسیی فشەڵبونی ئێسک: بەکاربردنی بڕێکی زۆر لەخواردنەوە گازییەکان، مەترسیی توشبون بەفشەڵبونی ئێسک زیاتردەکەن، بەتایبەت ئەگەربێت‌و ئەو زۆر بەکاربردنە لەلایە منداڵانەوە بێت ئەوە مەترسیی بەکلسبونی ئێسکیان لەماوەی گەشەدا زیاتردەبێت، بەشێوەیەک هەندێک لێکۆڵینەوە دەڵێن ترشەڵۆکی ئەو خواردنەوانە لەڕێگای هاندانی لەدەستدانی کالیسیۆمەوە ئێسک لاوازدەکەن.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی