هەرێم رازی نییە لقی دیوانی چاودێریی دارایی بەغدا لەکوردستان بکرێتەوە

کوردستان

21/02/2021‌ 960 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پەرلەمانتارێکی کورد لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جەخت دەکاتەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان رازیی نییە لقی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی لە کوردستان بکرێتەوە.

غالب محەمەد پەڕلەمانتاری هاوپەیمانی هیوا لەلێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەگەر بێت و دیوانی چاودێریی دارایی بەغدا لقێک لە هەرێمی کوردستان بکاتەوە، ئەوە سەرجەم داهاتە ناوخۆییەکانی کوردستان کە لەڕێگای هەناردەی نەوت و دەروازە سنوورییەکان و باج و ڕێگاکانی تر دەستدەکەوێت ئاشکرا دەبێت.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە حکوومەتی هەرێم دەیەوێت هاوشێوەی رابردوو لە دزینی داهاتە ناوخۆییەکان بەردەوام بێت، بۆیە ئەوەش شاندی حکومەتی هەرێم ڕازیی نییە دیوانی چاودێریی دارایی عێراق لقێک لە هەرێمی کوردستان بکاتەوە و بابەتە داراییەکان یەکلایی بکاتەوە، کە ئەوە خاڵێکی بنەرەتییە و ئاستەنگی بۆسەرکەوتنی دانوستانەکان و یەکلاییکردنەوەی پشکی هەرێم درووستکردووە.

لەگەڵ ئەوەی لەماوەی رابردوودا شاندی هەرێمی کوردستان چەندین جار سەردانی بەغدایان کردووە و دەیانەوێت لەسەر دیاریکردنی پشکی هەرێم لەناو بودجەی فیدراڵی لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی بگەنە ڕێککەوتن، بەڵام بەهۆی ئەوەی تائێستا لەسەر ئەو برە نەوتەی دەبێت هەرێمی کوردستان رادەستی بەغدای بکات نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن، دانوستانەکان سەرکەوتنیان بەدەستنەهێناوە.
ئامادەکردن  : ئاکۆ ئاڵی