پۆلیسی هەولێر ئەو خوێندكارەی دەستگیرکرد کە هێرشی کردبووە سەر مامۆستایەک

کوردستان

22/02/2021‌ 472 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پۆلیسی هەولێر رایگەیاند، دوای ئەوەی ئەمڕۆ قوتابییەک بە "چەقۆ" لە یەکێک لە قوتابخانەکانی شاری هەولێر هێرشیکردەسەر مامۆستاکەی، دوای بەدواداچونی روداوەکە توانرا قوتابییەکە دەستگیر بکرێت و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕێکخراوە.

لەراگەیەندراوێكدا، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاگادارکرانەوە کە "دەستدرێژی کراوەتەسەر مامۆستایەک بە چەقۆ لە یەکێک لە قوتابخانەکان، پۆلیس گەیشتە شوێنی ڕووداو و دەرکەوت کە مامۆستایەک لەلایەن قوتابیەکەیەوە هێرشی کراوەتەسەر".

باسیلەوەشكردووە، "دواتر قوتابیەکە لە شوێنی ڕووداو ڕادەکات، دوای بەدواداچونێکی وورد توانرا قوتابیەکە دەستگیر بکرێت، پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕێکخرا بە پێی ماددە (٤٣٠)، ڕاگیراوە".

ئەوەش دوای ئەوەدێت، ئەمڕۆ لە ئامادەیی زۆزکی کوڕان لە گەڕەکی هەولێری نوێ قوتابییەک بە "چەقۆ" لە مامۆستایەکی خۆی دا، مامۆستاکەش رایگەیاند، هیچ کێشەیەکی لەگەڵ ئەو قوتابییەدا نەبووە.