دروستكردنى به‌نداوێك كێشه‌ ده‌خاته‌ نێوان عێراق و ئێران

کوردستان

23/02/2021‌ 920 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دروستكردنى به‌نداوێكى نوێ له‌لایه‌ن كۆمارى ئیسلامى ئێرانه‌وه‌ كێشه‌ ده‌خاته‌ نێوان ئێران و عێراق و ده‌یان هه‌زار هاووڵاتى عێراقى له‌ ئاوى پاكى خواردنه‌وه‌ بێبه‌ش ده‌كات و دوو ناوچه‌ى  گه‌وره‌ بێئاو ده‌كات.


ماڵپه‌ڕى شه‌فه‌ق نیوز بڵاویكرده‌وه‌، كه‌ ئێران ده‌ستى كردوه‌ به‌ دروستكردنى به‌نداوێكى گه‌وره‌ له‌ دۆڵى حران له‌سه‌ر سنورى نێوان ئێران و عێراق و ئه‌مه‌ش دوو قه‌زاى گه‌وره‌ى دیاله‌ بێئاو ده‌كات كه‌ سودیان له‌و ڕوباره‌ وه‌رگرتوه‌ كه‌ له‌ خاكى ئێرانه‌وه‌ دێته‌ عێراق و ناوچه‌كانى مه‌نده‌لى و قه‌زانیه‌ بۆ ئاوى خواردنه‌وه‌و كشتوكاڵ سودى لێوه‌رده‌گرن.

ماڵپه‌ڕه‌كه‌ باسى له‌وه‌شكردوه‌، كه‌ وه‌زیرى سه‌رچاوه‌كانى ئاو به‌فه‌رمى نیگه‌رانى حكومه‌تى عێراقى له‌م كاره‌ گه‌یاندۆته‌ ئێران و داوایكردوه‌ كه‌ به‌پێى رێكه‌وتنه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان مامه‌ڵه‌بكه‌ن و ئه‌گه‌ر ئه‌و كێشه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت ئه‌وا له‌هاوینى داهاتوو گه‌وره‌ترین كێشه‌ له‌و ناوچانه‌ دروست ده‌بێت.

به‌شى زۆرى سه‌رچاوه‌ى ئه‌و ئاوه‌ى بۆ خواردنه‌وه‌و ئاودێرى به‌كاریده‌هێنێـت له‌ هه‌ردوو وڵاتى توركیاو ئێرانه‌وه‌ دێنه‌ عێراق و به‌راى پسپۆرانى ئه‌و بواره‌ش ئه‌مه‌ گه‌وره‌ترین كێشه‌ بۆ عێراق له‌ داهاتوو دروست ده‌كات.
ئ.ق