دیمەنی خراپترین فێڵی تۆپی پێ لەمێژوودا

وەرزش

28/02/2021‌ 404 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

چالاکانی تۆرە کۆمەڵایەتییەکانی گواتیمالا پارچە ڤیدیۆیەکیان بڵاوکردۆتەوە کە تێیدا یاریزانی یانەی باتانیکۆس لەکاتی یاریکردنیان لەبەرانبەر بە یانەی دیپۆرتیڤۆ سان لۆرێنزۆی گواتیمالا، بەئەنقەست خۆی بەزەوی یاریگادا  دەخات و دەیەوێت لەوڕێگایەوە خۆی وەک پێکراو نیشان بدات فێڵ لە ناوبژیوانانی یارییەکە بکات، لەکاتێکدا ناوبژیوانان بە بابەتی پێکرانی یاریزانێکی ترەوە سەرقاڵ بوون.

ڕووداوەکە بەشێوەیەکە یەکێک لە هاندەرەکان توێکڵە پرتەقاڵێک دەخاتە ناو یاریگا، یاریزانەکەش هەڵیدەگرێتەوە و دواتر خۆی بەزەویدا دەکێشێت و خۆی وەک پێکراو نیشان دەدات، بەڵام بۆ چانسی ئەو فێڵەکەی سەرناگرێت، بەوپێیەی هیچکام لە ناوبژیوانان ساتی کەوتنەکەیان نەبینیوە، بۆیە ناوبژیوانی سەرەکیی هیچ بڕیارێکی لەبارەیەوە دەرنەکرد.

ئەم فێڵە یاریزانەکەی کردۆتەوە جێی گاڵتەی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەشێوەیەک جۆن ئارنۆڵدی میدیاکاری وەرزشی لەوبارەیەوە وتویەتی" لە خولی پلە سێی گواتیمالا تەکنیکی ڤیدیۆی یاریدەدەرمان نییە بۆ زانینی راستیی رووداوەکان، بەڵام لەڕێگای گرتە ڤیدیۆیەکەوە دەردەکەوێت کە چۆن خۆی توێکڵە پرتەقاڵەکە هەڵدەگرێت و واخۆی نیشان دەدات کە بەهۆی ئەوەوە کەوتووە.

بەڵام بەشێکی تریان وتویانە بەڕاستی ئەکتەرێکی لێهاتووە و هەقە خەڵاتی ئۆسکاری بدرێتی.

ئامادەکردن : ئاکۆ ئاڵی