ئایا یۆڤانتۆس بەهێنانی کریستیانۆ بۆ ڕیزەکانی هەڵەی کرد؟

وەرزش

01/03/2021‌ 202 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی پێگەی وەرزشی "گۆڵ"، ئەنتۆنیۆ کاسانۆی یاریزانی پێشوی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا ڕایگەیاندوە، گرێبەستی یانەی یۆڤانتۆس لەگەڵ کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی هەڵە بوەو ئەو ئامانجەی بەدینەهێناوە کە گرێبەستەکەی بۆکراوە.


کاسانۆ باسی لەوەکردوە، یۆڤانتۆس بۆئەو مەبەستە گرێبەستی لەگەڵ موشەکەکەی مادێرا واژۆکردوە تاوەکو جامی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بباتەوە، کە ماوەی ٢٥ ساڵە لێی دورە، بەڵام تائێستا نەیتوانیوە ئەو ئامانجە بەدەستبهێنێت.

باسی لەوەشکردوە، یۆڤانتۆس دەتوانێت بێ ڕۆناڵدۆش جامی ئیتاڵی بەدەستبهێنێت، هەربۆیە ئەگەر نەتوانێت نازناوی ئەوروپا بەدەستبهێنێت، ئەوە گرێبەستەکە هیچ سودێکی نییە.

یاریزانەکەی پێشوی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا باسی لەوەشکردوە، ڕۆناڵدۆ دەزانێت چۆن گۆڵ دەکات، بەشێوەیەک تۆپەکە لەلای چەپەوە دەبات‌و بەپێی ڕاستی دەیوەشێنێت، جگەلەوەی دەتوانێت بەسەریش گۆڵی جوان تۆماربکات، بەڵام ئاندریا پیرلۆ ڕاهێنەری یۆڤانتۆس دەیەوێت تیمێک دروستبکات کە لەنێوان هێڵەکاندا پەستان بخاتەسەر تیپی بەرامبەر، بەڵام کریستیانۆ زۆر بەشداری لەوەدا ناکات.

لەکۆتاییدا وتویەتی:"پێموایە ئەزمونی ڕۆناڵدۆ لەناو یۆڤانتۆس زۆر خراپ دەبێت ئەگەربێت‌و نەتوانێت خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بباتەوە".

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی