لەسەر ڤاکسینە چینیەکە داواى روونکردنەوەى بە پەلەو خێرا لە وەزارەتى تەندروستى دەکرێت

کوردستان

02/03/2021‌ 710 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی داوای ڕوونکردنەوە لە وەزارەتی تەندروستی دەکات ڕوونکردنەوە لەسەر ئەوە بدات کە بۆچی بەو جۆرە ڤاکسینەکە گواستراوەتەوە.

تۆڕەکە لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردوەتەوە"بەگوێرەی چەند وێنەیەک کە دەست تۆڕەکەمان کەوتوە، پێدەچێت بڕێک ڤاکسینی چینی دژی کۆرۆنا گەیشتبێتە کوردستان.بەڵام ئەو وێنانەی کە دەست تۆڕەکەمان کەوتوە جێگای شۆک و سەرسوڕمانە. وەکو لەو وێنانەی لەگەڵ ئەم ڕاگەیاندراوە بڵاودەکەینەوە، دەردەکەوێ کە ڤاکسینەکە بە جۆرێکی نازانستی و نەشیاو گواستراوەتەوە".

ئاماژەى بەوەشکردوە، ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە لەناو ئەو ساردکەرەوەی کە ڤاکسینەکەی گواستوەتەوە، بەرمیلیک نەوت یا گاز دەبنینرێ.

تۆڕی پاراستنى گشتى راشیگەیاندوە، بە گوێرەی زانیاریەکانی تۆڕەکەمان لەو ٥٠ هەزار جورعەیەی وڵاتی چین وەکو دیاری پێشکەشی عێراقی کردوە، پێویست بو ٥ هەزار جورعەی بەر کوردستان بکەوتایە. بەڵام بە گوێرەی ئەو وێنەیەی لێرە داماناوە، بڕە ڤاکسینەکە زۆر لەو ژمارەیەک کەمتر دیارە دەبوایە بدرێتە کوردستان.

هەروەها تۆڕەکە داوای ڕوونکردنەوەی خێرا و بەپەلە لە وەزارەتی تەندروستی کردوە کە پێویستە وەزارەت ڕوونکردنەوە لەسەر ئەوە بدات کە بۆچی بەو جۆرە ڤاکسینەکە گواستراوەتەوە. هاوکات بە دیاریکراوی چەند جورعەی ڤاکسینەکە بەر کوردستان کەوتوە؟.

لەکۆتایشیدا روونیکردوەتەوە، لە ماوەی ڕابوردودا، وەزارەتی تەندروستی لە چەند ڕاگەیاندراوێکدا باسی ئەوەی دەکرد کە گوایە لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی جیهاندا لە گفتگۆدایە لەبارەی دابینکردنی ڤاکسینی کۆرۆناوە. بەڵام بەداخەوە ئێمەومانان توشی شۆک بوین کە بینیمان وەزارەتی تەندروستی تەنها بڕێکی کەمی ڤاکسینی چینی بەدەستهێناوە.

س.هـ