ئاسایشى سلیمانى: كه‌سێكمان ده‌ستگیركردوه‌ له‌ ریزه‌كانى داعش بوه

کوردستان

02/03/2021‌ 274 جار خوێندراوه‌ته‌وه

‌شارپرێس:

ئاسایشى رۆژئاواى سلێمانى له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌ وێنه‌یه‌كى ده‌ست شارپرێس كه‌وتوه‌ ئاشكرایكرد، چەکدارێکى داعشیان لە سلێمانى ده‌ستگیركردوه‌ كه‌ پێشتر له‌ ریزه‌كانى داعش كاریكردوه و دواتر لە هەولێر دانیشتووە‌.

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای  سلێمانی ڕایگه‌یاندوه‌، لەسەربنەمای هەبونی زانیاری پێشوەختە هێزەكانیان لەبەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی كەسێكیان بەناوی (م ، ص ، م ، م) لەبەرواری( ۲۷_٢_٢٠٢١ )  دەستگیركرد  كەلەڕیزەكانی دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق و شام بووە .

هه‌ر له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتوه‌، تۆمەتباری ئاماژە بۆكراو لەساڵی (۲۰۱٤ ) لە پارێزگای سەلاحەدین لەقەزای بێجی پەیوەندی كردوەو بەیعەتی بەدەوڵەتی ئیسلامی لەعێراق و شام داوە تاوەكو ساڵی (۲۰۱٥) لە عێراق لەگەڵیان ماوەتەوە پاش تێكشكاندنی ڕیزەكانی داعش لەسنوری پارێزگای سەلاحەدین دەچێتە سوریاو لەوێش بەردەوامدەبێت.

راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ هێما بۆئه‌وه‌ده‌كات، ئه‌م كه‌سه‌ چوه‌ته‌ پارێزگاى هه‌ولێرو تێیدا هاتوه‌،  لە مانگی( ٢ - ٢٠٢١) دەگەڕێتەوە عێراق و دەچێتە پارێزگای هەولێر تاوەكو (۲٦ _٢_٢٠٢١) لەوێ نیشتەجێ دەبێت ، پاشان دێتە سنوری پارێزگای سلێمانی و لە( ۲۷_٢_٢٠٢١ ) لەلایەن هێزەكانمانەوە لەسنورەكەمان دەستگیردەكرێت، تۆمەتباری دەستگیركراو لەنەتەوەی عەرەبە  و خێزاندارە، لەبنەچەدا خەڵكی پارێزگای سەلاحەدینە.

ئاسایشی ڕۆژئاوای  سلێمانی  ئاماژەی بەوەشكردوە، لەلایەن  دادوەری دادگای لێكۆڵینەوەوە بەپێی ماددەی (٢) ی تێرۆر ڕاگیراوەو لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامه‌."
ئ.ق