هەڵوێستی نادیە موراد سەبارەت بە پەسەندكردنی پڕۆژە یاسای ژنە ڕزگاربووە ئیزدییەكان

کوردستان

02/03/2021‌ 844 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چالاكوانی ئێزدی نادیە موڕاد كە خاوەن خەڵاتی نۆبڵە بۆ ئاشتی، لە یەكەم كاردانەوەیدا بەرامبەر پەسەندكردنی یاسای ژنە ڕزگاربووە ئێزدییەكانی دەستی داعش، سوپاس و ستایش و پێزانینی خۆی بەرامبەر پەسەندكردنی یاساكە دەربڕێ.

چالاكوانی ئێزدی ناوبراو لە تویتێكیدا، خۆشحاڵی خۆی لە بەرامبەر پەسەندكردنی ئەو یاسایە نیشاندا و بە دەستكەوتێكی مێژوویی لە قەڵەمدا، بۆ ئەم مەبەستەش بە تەلەفۆن پەیوەندی بە سەرۆك كۆماری عێراق د. بەرهەم ساڵحەوە كرد و سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستە كرد بۆ پەسەندكردنی یاساكە و ڕۆڵی گەورە و كاریگەری سەرۆك كۆمار لە گەڵالەكردن و پەسەندكردن یاساكە لە پەرلەمانی عێراق.

موڕاد ئەوەشی گوت كە یاسا پەسەندكراوەكە یەكەم هەنگاوی گرنگە لە دانپێدانان بە بەو پێشێلكارییە  مەترسیدارانەی بەرامبەر ژنان و كچانی ئێزدی ئەنجامدراوە، ئاماژەی بەوەشدا كە زۆر گرنگ و پێویستە ئەو قوربانییانە قەرەبووی ماددی و مەعنەوی بكرێنەوە  و  میكانیزمی یاسایی ڕیكوپێكیش بگیرێتەبەر بۆ جێبەجێكردن و بەركاربوونی یاساكە.

یاساكە گرنگییەگی گەورەی هەیە بۆ ژنان و كچانی ئێزدی و قوربانییەكانی دیكەی كارەساتە، بەو پێیەی ڕێوشوێنی تایبەتی گرتۆتەبەر بۆ قەرەبووكردنەوەی قوربانیان لە ڕووی مادی و مەعنەوی ، هەروەها چارەسەری دەروونی پزیشكی و دەستەبەركردنی هەلی كار.

یاساكە ئەو كارەساتەی بەسەر ژن و كچانی ئێزدیدا هاتووە بە كۆمەڵكوژی داوەتە قەڵەم و ئەوەشی تێدایە كە نابێت ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە لێووووردنی گشتی یان تایبەت بیانگرێتەوە.

لای خۆشییەوە سەرۆك كۆمار د. بەرهەم ساڵح  ستایشی ڕۆڵی پەرلەمانی عێراقی كرد بۆ پەسەندكردنی یاساكە و بە دەستكەوتێكی گەورە و گرنگی لە قەڵەمدا بۆ قۆربانیانی كارەساتەكە لە ژن و كچانی ئێزدی و پێكهاتەكانی دیكەی عێراق.

سەرۆك كۆمار لە توێتیكدا ئاماژەی بەوەش كردووە كە پێویستە كۆششەكان لەم بوارەدا بەردەوامبن بۆ سۆراغكردنی چارەنووسی شوێنبزركراو و ڕفێنراوان و سزادانی ئەنجامدەرانی ئەو كارەساتە قێزوونە.

پێگەی ئەلەكترۆنی: شەمس نیوز
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر