هەوڵی شاردنەوەی تۆمەتباری سەرەكی هێرشكردنە سەر غالب محەمەد دەدرێت

کوردستان

02/03/2021‌ 2085 جار خوێندراوه‌ته‌وه

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق ئاشكرای دەكات، چەند كەسێك دەستگیرکراون کە بەشداربوون لە هێرشكردنە سەر غالب محەمەد و هەوڵی شاردنەوەی تۆمەتباری سەرەكی دەدرێت.

سەركەوت شەمسەدین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بڵاویكردەوە، هەوڵێک هەیە بۆ شاردنەوەی تۆمەتباری سەرەکی و ئەو گروپەی کە هاوکارییان کردووە لە هەوڵی تیرۆرکردنی دکتۆر غالب محەمەد.

ئاماژەی بەوەشكردووە، لە ئێستا دا ئاسایشی سلێمانی بەڵگەی گرنگی دەسکەوتووە و چەند کەسێکیش دەستگیر کراون کە بەشداربوون لە هەوڵی تیرۆرەکە و هاوکارینکردنی هێرشبەری سەرەكی كە لە میدیاكانەوە وێنەكەی بڵاوكراوەتەوە.

رۆژی 26ی مانگی رابردوو غالب محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە بەردەم ماڵەكەی خۆیدا لەلایەن كەسێكەوە بە چەقۆ هێرشكرایە سەری و برینداركرا، رۆژێك دوای رووداوەكە وێنەی هێرشبەرەكە لە راگەیاندن و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكاندا بڵاوكرایەوە، بەڵام تائێستا دەستگیر نەكراوە.

لەسەر هۆكاری دەستگیرنەكردنی سەركەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، ئەو تۆمەتبارەی هێرشیكردە سەر پەرلەمانتار غالب محەمەد ناسراوەتەوەو ماڵەكەی پشكێنراوە، بەڵام بۆ شوێنێكی نادیار هەڵهاتوەو هێزە ئەمنییەكان بۆ دەستگیركردنی بەردەوامن لەهەوڵەكانیان.

س.هـ