خواردنی گۆشت ئەگەری توشبونی مرۆڤ بەکۆمەڵێک نەخۆشیی مەترسیدار زیاددەکات

تەندروستی

06/03/2021‌ 805 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی نوێی زانکۆی ئۆکسفۆرد کە ڕۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی بڵاویکردۆتەوە دەرکەوتوە، بەگشتیی خواردنی گۆشت بەشێوەیەکی بەردەوام مەترسیی توشبون بەنەخۆشییەکانی دڵ‌و شەکرەو هەوکردنی سییەکان‌و نەخۆشیی مەترسیداری تر زیاددەکات.

پێشتر زانرابوو کە خواردنی گۆشتی سورو دەستکاریکراو مەترسیی توشبون بەشێرپەنجەی ریخۆڵەکان زیاددەکات، بەڵام ئەوە یەکەمجارە ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەیەک دەریدەخات کە بەگشتیی خواردنی گۆشت پەیوەستە بەتوشبون بە25 نەخۆشیی تری ناشێرپەنجەیی.

لێکۆڵینەوەکە دەڵێت:"خواردنی گۆشتی سورو گۆشتی دەستکاریکراوو گۆشتی مریشک‌و قەل، ئەگەر هەفتانە لانیکەم سێجار بخورێت، ئەوە مەترسیی توشبون بە25 نەخۆشیی جیاواز زیاد دەکات".

بەپێی ڕۆژنامەکە، ئەنجامەکانی ئەو لێکۆڵینەوەیە بەڵگەکانی توێژەرانی ترو ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی زیاددەکات کە دەڵێت خواردنی گۆشت بەتایبەت گۆشتی سورو دەستکاریکراو زیان بەتەندروستیی دەگەیەنێت".

لێکۆڵینەوەکە دەڵێت:"خواردنی گۆشتی سورو دەستکاریکراو پەیوەستە بەبەرزبونەوەی مەترسییەکانی توشبون بەنەخۆشییەکانی دڵ‌و هەوکردنی سییەکان‌و نەخۆشییەکانی کۆڵۆن‌و نەخۆشیی شەکرە، هەروەک خواردنی گۆشتی مریشک پەیوەستە بەبەرزبونەوەی مەترسیی توشبون بەنەخۆشییەکانی سورێنچک‌و هەوکردنی گەدەو زراو، هەروەک نەخۆشیی شەکرەش".

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی