سەرەڕای هەڕەشەکانی ئەمەریکا .. بۆچی میسر سوورە لەسەر کڕینی فڕۆکەی SU-35ی رووسی

جیهان

07/03/2021‌ 1325 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەڕێوەبەری ناوەندی میسری بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان هۆکارەکانی پشت سووربوونی میسری بۆ کڕینی فڕۆکەی "سو-٣٥"ی رووسی روونکردۆتەوە،  لەکاتێکدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەڕەشەی لە قاهیرە کردووە کە نابیت هەنگاوێکی لەو جۆرە بنێت.

خالید عەکاشە لەلێدوانێکیدا بۆ پێگەی "مۆنیتۆر" کە گرنگی بە پرسەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەدات وتویەتی :دوای سەرکەوتنی میسر لە کڕینی ٢٤ فڕۆکەی رافالی فەڕەنسی لەساڵی ٢٠١٥، قاهیرە داوای کڕینی ژمارەیەک فڕۆکەی سو-٣٥ ی نوێکراوەی لە مۆسکۆ کرد، لەوەشدا مەبەستییەتی بەتەنیا هەر پشت بە چەکی ئەمەریکی نەبەستێت.

عکاشە ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئیسرائیلی بە فڕۆکەی ئێف-٣٥ی شەبەحی پڕچەک کردووە، کە بەوهۆیەوە باڵادەستی سەربازیی بۆ ئیسرائیل لەناوچەکەدا دەستەبەرکردووە، هەروەک بوونی ئەو جۆرە فڕۆکە پێشکەوتووانە هاوسەنگی هێز لەبەرژەوەندنی ئیسرائیل تێکدەدات، بەتایبەت کە واشنتۆن ئامادە نەبوو هەمان جۆر فڕۆکە لەهەمان کاتدا بە میسرییەکان بفرۆشێت.

بەڕێوەبەری ناوەندی میسری بۆ لێکۆڵینەوە ستراتیژییەکان روونیکردۆتەوە کە ئامانجی سەرەکیی میسر لە کڕینی فڕۆکەی سو-٣٥ی رووسی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو فڕۆکەیە هاوتای فڕۆکە جەنگییە ئەمەریکی و ئیسرائیلییەکانە، هەربۆیە میسر دەتوانێت بەخاوەنداریتیکردنیان پارێزگاری لەهاوسەنگی توانای ئاسمانیی لەناوچەکەدا بکات، هەر ئەمەش هۆکاری ئەوەیە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەڕەشەی سەپاندنی سزا بەسەر میسر دەکات.

عەکاشە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە لەمانگی نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠١٩ میسر ٤٠ هێلیکۆپتەری هێرشەبەری روسی لە جۆری Ka-52 بەدەست گەیشت کە ئەمە توورەیی و بێزاری واشنتۆنی لێکەوتەوە، هەروەک میسر سوورە لەسەر ئەوەی گرێبەستە سەربازییەکەی لەگەڵ رووسیا تەواو بکات، بێئەوەی لەوەدا گوێ بە هەڕەشەکانی ئەمەریکا بدات.
ئامادەکردن  : ئاکۆ ئاڵی  


بەپەلە