تەندروستی جیهانیی: سەرەتای ساڵی 2022 کۆتایی ڤایرۆسی کۆڕۆنایە

تەندروستی

07/03/2021‌ 518 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی لێدوانی هانز کلۆج بەڕێوەبەری هەرێمیی ڕێکخراوی تەندوروستیی جیهانیی، پێشبینی دەکرێت لەسەرەتای ساڵی 2022 کۆتایی بە پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە جیهاندا بێت.

کەناڵی تەلەفزیۆنی RD دانیمارکی لە کلۆجەوە گواستوویەتییەوە کە ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەسەر ئاستی جیهان بەڕێژەی لەسەدا 16 کەمیکردووە، جەختیشی کردۆتەوە کە ڤایرۆسەکە تا کۆتایی ئەمساڵ لەناو خەڵکدا دەمێنێتەوە، بەڵام لەسەرەتای ساڵی داهاتووەوە کۆتوبەندەکانی پەیوەست بە ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە سووک دەکرێن، ئەگەر بێت و پڕۆسەی کوتان بەشێوەیەکی درووست بەڕێوەبچێت.

لەبەشێکی تری قسەکانیدا کلۆج وتویەتی ئەوە تەنیا پێشبینییە، لەبەرئەوەی کەس نازانێت بەدرووستیی دۆخەکە بەچی ئاراسەتەیەکدا دەچێت، یان ئایا بەهۆی sەرهەڵدانی زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆڕۆنا هاوکێشەکە دەگۆڕێت یان نا.

بەرپرسەکەی ڕێکخراوی تەندرووستیی جیهانیی جەختی کردۆتەوە کە لەگەڵ ئەوەی ژمارەی تووشبووان و مردن بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا کەمیکردووە، بەڵام هێشتا قەیرانی تەندرووستیی لەجیهاندا کۆتایی نەهاتووە، لەبەرئەوە پێویستە کۆتوبەندە تەندروستییەکان و هەڵمەتەکانی کوتان دژ بە کۆڕۆنا بەردەوام بن.

تا رۆژی شەممەی رابردوو 116,684,542 کەس لەسەرانسەری جیهاندا تووشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بوون، کە لەو ژمارەیە 92,296,352 تووشبوویان چاکبوونەتەوە و 2,592,294 تووشبووشیان گیانیان لەدەستداوە.
ئامادەکردن : ئاکۆ ئاڵی