شارپرێس ـ تایبه‌ت:
ـ ئەنجومەنێک کەس نازانێت لەکەیەوە کۆنەبوەتەوەو جگە لەکاتی ململانێکان کەس ناوی نازانێت
ـ یەکێتی زۆرینەیەتی‌و بڕیاری کۆتایی‌و یەکلاکەرەوە لای پارتییە کە کەمینەی ئەنجومەنەکەیە
ـ ڕۆژێک سەر بەسەرۆکایەتی هەرێم‌و ڕۆژێکی تر سەر بەئەنجومەنی وەزیرانەو هیچ وەزیریکیش نازانێت کێ بەرپرسی ئەنجومەنەکەیە، نەک ئەوەی دەسەڵاتی لێپرسینەوەی هەبێت
ـ زوو زوو دەبن بەدوو بەشەوەو هەریەکەیان لەئاوازێک دەخوێنێت‌و کەسیش لەو ئاوازەیان تێناگات
كۆتاییه‌كانی ساڵی 2010و چه‌ند مانگێك به‌رله‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی به‌رفراوان‌و خۆپیشاندانه‌كانی 17 شوباتی 2011 سه‌رهه‌ڵبده‌ن، پارتی دیموكراتی كوردستان‌و یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان له‌دوای زنجیره‌یه‌ك دانوستان‌و ڕێككه‌وتنی نێوانیان، له‌ڕۆژی 12-11-2010 پڕۆژه‌یاسای (دامه‌زراوه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم، ده‌زگای ئاسایش)یان پێشكه‌شی په‌رله‌مان كرد، پڕۆژه‌یاسایه‌ك كه یه‌كێتی هه‌رگیز خه‌یاڵی به‌لای ئه‌وه‌دا نه‌چووبوو ڕۆژێك له‌دژی ئه‌و حزبه‌و هه‌ر حزبێكی نه‌یاری پارتی به‌كاربهێندرێت.
له‌پڕۆژه‌یاساكه‌دا هاوشێوه‌ی كێك، دوباره پۆسته‌كانی ئه‌و دامه‌زراوه گرنگه له‌نێوان پارتی‌و یه‌كێتی دابه‌شكرا، به‌شێوه‌یه‌ك دامه‌زراوه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش بۆ یه‌كه‌میان‌و ده‌زگای ئاسایش بۆ دوه‌میان دیاریكرا، به‌ڵام دروستكردنی ئه‌و دامه‌زراوه‌یه ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ ده‌ستوری عێراقیشدا ناكۆكه، چونكه دروستكردنی دامه‌زراوه‌یه‌كی باڵای له‌وشێوه‌یه له‌ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمدا نییه.
وه‌ك ئه‌وه‌ی پێشتر له‌نێو مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ردوو حزبه‌كه ڕێككه‌وتنی له‌سه‌ركرابوو، پڕۆژه‌یاساكه له‌په‌رله‌مان به‌بێ گرفت تێپه‌ڕێندراو مه‌سرور بارزانی، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی بوه ڕاوێژكاری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم‌و خه‌سره‌و گوڵ محه‌مه‌د، ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی له‌وكاته‌وه تائێستا سه‌رۆكی ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێمی كوردستانه.
ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان كۆكراوه‌ی زۆرینه‌ی دامه‌زراوه ئه‌منییه حزبی‌و حكومییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌و پێكدێت له(ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێم، هه‌واڵگریی سه‌ربازیی، ده‌زگای زانیاری، ده‌زگای پاراستن)، واتا هه‌موو دامه‌زراوه ئه‌منییه‌كانی پارتی‌و یه‌كێتی له‌نێو یه‌ك چوارچیوەدا كۆكرانه‌وه کە ناونرا ئەنجومەنی ئاسایش‌و تائێستا بەهیچ جۆرێک سیفەتی ئەنجومەن بون بەو دەزگایەوە نەبینراوە.
هه‌یكه‌لی دامه‌زراوه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كه هه‌ركه‌س ته‌ماشای بكات بۆی ده‌رده‌كه‌وێت ده‌زگایه‌كی گرنگه‌و به‌باڵای خێزانێكدا دوراوه، چونكه له‌سه‌ره‌تای دروستبونیدا ئه‌و ده‌زگایه ڕاسته‌وخۆ سه‌ر به‌سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بوو كه ئه‌وكاته مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێم بوو، واتا نه په‌رله‌مان نه حكومه‌تی هه‌رێم توانای لێپرسینه‌وه‌یان نه‌بوو له‌و ده‌زگایه‌و ته‌نها مه‌سعود بارزانی ده‌یتوانی لێپرسینه‌وه‌ی لێبكات.
ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له‌و ساڵانه‌ی هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی بودجه‌ی ساڵانه‌ی خۆی بوو، پشكی شێری بودجه‌ی هێزه ئه‌منییه‌كانی به‌رده‌كه‌وت، به‌شێوه‌یه‌ك مانگانه زیاتر له350 ملیار دینار بودجه‌ی ئه‌و دامه‌زراوه‌یه بوو، ته‌نانه‌ت ئه‌نجومه‌نه‌كه خۆی بودجه‌ی خۆی دیاریده‌كات‌و له‌سه‌ر په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌ركه به‌بێ كه‌مكردنه‌وه په‌سه‌ندی بكات، واتا ڕۆڵی په‌رله‌مان به‌رامبه‌ر ئه‌و دامه‌زراوه‌یه ته‌نها دەست بەرزکردنەوەو سه‌رله‌قاندنه.
له‌وڵاتانی جیهان ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی له‌پرسه هه‌ستیارو نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا ڕۆڵده‌گێڕێت، كاتێك وڵات ڕوبه‌ڕوی ئاڵنگارییه‌كی مه‌ترسیدار ده‌بێته‌وه، ئه‌و ئه‌نجومه‌نه ڕێگه‌ی ڕوبه‌ڕوبونه‌وه دیاریده‌كات، به‌ڵام له‌هه‌رێمی كوردستان ئه‌ركی ئه‌نجومه‌نه‌كه بچوككراوه‌ته‌وه له‌وه‌ی كێ به‌ته‌له‌فۆنه‌كه‌ی چی له‌گه‌ڵ كێدا ده‌ڵێت؟ كاتێك كه‌سێك چات له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌كیدا ده‌كات چی ده‌ڵێت؟ هه‌ندێكجاریش ئه‌و دامه‌زراوه گرنگه بۆ لێدان له‌نه‌یاره‌كانی دەسەڵات به‌كارهێندراوه.
مه‌ترسیداریی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم له‌بڕگه‌یه‌كی یاسای ئه‌نجومه‌نه‌كه ده‌گاته لوتكه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه ده‌سه‌ڵاتی زیادكردنی لقی دیكه‌ی بۆ ئه‌نجومه‌نه‌كه هه‌یه، وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا دژه تیرۆری كوردستان بوه‌ته لقێكی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌و قسه‌كه‌ری سه‌ره‌كی پرسه نێوخۆیی‌و ته‌نانه‌ت نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش.
ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم له‌نێو خۆیدا له‌ناكۆكییه‌كی قوڵدایه، له‌كۆی پێنج ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نه‌كه هه‌ندێكجار سیانیان له‌گه‌ڵ بڕیار‌و ڕای ئه‌نجومه‌نه‌كه نین ئه‌وانیش بریتین له‌ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێم، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاژانسی پاراستن‌و زانیاری/ زانیاری، به‌ڕێوه‌به‌ری هه‌واڵگریی پێشمه‌رگه كه سه‌رجه‌میان پشكی یه‌كێتین، واتا یه‌كێتی له‌ئه‌نجومه‌نه‌كه‌دا زۆرینه‌یه، به‌ڵام پارتی حاكمی موتڵه‌ق‌و بریاربەدەستی سەرەتاو کۆتاییە.
مانگی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2020 ئەندامانی یەکێتی لەئەنجومەنی ئاسایش ڕاگه‌یه‌ندراوێكیان بڵاوكرده‌وه‌و ئاشكرایانكرد، ئاگاداری ئەو ئۆپەراسیۆنەی ئەنجومەنی ئاسایشیی هەرێمی کوردستان نین کە باس لەدەستگیرکردنی چەند گروپێکی تیرۆریستی دەکات‌و ئاماژەیان بەوەشکرد، هیچ مەترسیەکی تیرۆریستی لەسەر هەرێم نییەو لەبەرامبەردا ئەنجومەنەکە بڵاویکردەوە کە هەر ڕاگەیەنراوو هەڵوێستێک کە لەماڵپەری فەرمی ئەنجومەنەوە بڵاونەبێتەوە حساب بۆ نەکراوە، ئەمەش ئەوەی دەرخست کە میدیای ئەنجومەنەکەش لای پارتی دیموکراتی کوردستانەو هیچ کەسیکی یەکێتی توانای بڕیاردانی نییە لەبڵاوکردنوەی تەنها بەیاننامەیەکیش.
هه‌روه‌ها ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌ش كاتێك ئه‌نجومه‌نه‌كه دانپێدانانی سزادراوانی بادینانی بڵاوكرده‌وه، دوباره ئه‌ندامانی یه‌كێتی له‌و ئه‌نجومه‌نه ڕه‌تیانكرده‌وه ئاگاداری دانپێدانانه‌كه بن، كه‌واته پرسیاره سه‌ره‌كییه‌كه ئه‌وه‌یه، زۆرینه‌ی یه‌كێتی كه ئه‌نجومه‌نی ئاسایش پێكده‌هێنێت تا كه‌ی ده‌یه‌وێت بێ‌ئاگا له‌بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌ن بمێنێته‌وه‌و ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی ته‌نها له‌ئاستی به‌یاننامه‌دا كورتبكاته‌وه؟
ئه‌م ئه‌نجومه‌نه هه‌ر به‌پرسه نێوخۆییه‌كانه‌وه نه‌وه‌ستاوه، به‌ڵكو له‌سه‌ر پرسه ناوچه‌ییه‌كانیش قسه‌ی هه‌یه، كاتێك حكومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د ناوی مه‌سرور بارزانی خسته لیستی ده‌سته‌ی نه‌هێشتنی سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌و پشتیوانی دارایی تیرۆره‌وه، ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی هه‌رێم له‌بری په‌رله‌مان، سه‌رۆكی هه‌رێم‌و حكومه‌تی هه‌رێم وه‌ڵامی سوریای دایه‌وه‌و به"ڕژێمێكی شۆڤێنی‌و سه‌ركوتكارو دژه كورد" تۆمه‌تباریكرد.
له‌كۆتا ڕۆژه‌كانی ده‌سه‌ڵاتیدا، مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پێشوی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ی خسته‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم، ئه‌وه‌ش وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ مه‌سرور بارزانی تا كاتێك ده‌بێته سه‌رۆكی حكومه‌ت، ئه‌نجومه‌نی ئاسایش له‌ژێر هه‌ژمونی خۆیدا بمێنێته‌وه، ئێستا كه نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستانه، هیچ ده‌سه‌ڵاتێكی به‌سه‌ر ئه‌نجومه‌نه‌كه‌دا نییه، وه‌ك چۆن په‌رله‌مانی كوردستان ته‌نها ته‌ماشاكاره.