حاكم قادر داواى یه‌ك لیستى له‌لایه‌نه‌كان ده‌كات

کوردستان

07/03/2021‌ 1333 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

حاكم قادر په‌یامێك ئاراسته‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات‌و داواده‌كات، لەڕوی خزمەتگوزارییەوە بەبێ جیاوازی سەیری شارو شارۆچکەکانی کوردستان بکات، ده‌شڵێت:"ئەرکێکی گرانە بخوازین ڕیفۆرم بکەین، لەکۆمەڵگەیەکدا کە تێیدا ڕەخنەگرتن بەسوکایەتی‌و جیاوازی بیروڕا بەخیانەت پێناسە بکرێ"، هه‌روه‌ك داواشده‌كات، لەهەڵبژاردنی داهاتوی عێراقدا هەموو هێزو لایەنە کوردستانییەکان بەیەکلیست بەشداری هەڵبژاردن بکەن.


حاكم قادر حەمەجان ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی‌و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان ڕایگه‌یاند، "پێویستە لایەنە سیاسییەکان یەکگرتوبن‌و کاری پێکەوەیی زیاتر بکەن، چونکە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان خاڵی هاوبەشیان زیاترە، وەک لەخاڵی ناکۆکییان‌و پێویستە سەرجەم هێزە سیاسییەکان لەم قۆناغە هەستیارەی گەلی کوردستاندا بەیەکگرتوی کاربکەن".

ده‌شڵێت:"نابێت لایەنە سیاسییەکان بەکارو کاردانەوە مامەڵە لەگەڵ ناکۆکییەکانیان بکەن، بەڵکو ڕێگەی گونجاو هەر گفتوگۆو دایەلۆگ‌و دانوستان‌و دانیشتنی هاوبەشەو تەنها ئەوکات دەتوانرێت کێشەکان چارەبکرێت‌و بەو شێوەیەش گەلەکەمان ئاسۆیەکی ڕونتری دەبێت".

به‌رپرسه‌كه‌ى یه‌كێتى بەپێویستی ده‌زانێت، "لەم قۆناغەدا کە هاوشێوەی ڕابردوو، سیاسەتی پەرتکردن‌و پەرتەوازەی لەلایەن دوژمنانی گەلی کوردستانەوە بەردەوامی هەیە، گەلی کوردستان یەکدەنگ‌و یەکگرتوو یەکهەڵوێست بن".

سه‌باره‌ت به‌هه‌ڵبژاردنى داهاتوى عێراقیش حاكم قادر وتویه‌تى:"لەهەڵبژاردنەکان بەگشتی‌و لەهەڵبژاردنی داهاتوی عێراقدا گرنگه‌ هەموو هێزو لایەنە کوردستانییەکان بەیەکلیست بەشداری هەڵبژاردن بکەن، لەسەر ئاستی عێراق بەگشتی‌و ناوچە جێناکۆکەکان بەتایبەتی".

حاکم قادر ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت:"ئەرکێکی گرانە بخوازین ڕیفۆرم بکەین، لەکۆمەڵگەیەکدا کە تێیدا ڕەخنەگرتن بەسوکایەتی‌و جیاوازی بیروڕا بەخیانەت پێناسە بکرێ".

هه‌روه‌ك په‌یامێكیش ئاراسته‌ى حكومه‌تى هه‌رێم ده‌كات‌و داواى لێده‌كات، لەڕوی خزمەتگوزارییەوە بەبێ جیاوازی سەیری شارو شارۆچکەکانی کوردستان بکات‌و بەئەرکی خۆی هەڵبستێت لەپێناو بژێوی ژیانی خەڵك‌و ئاوەدانیدا، وه‌كو ده‌ڵێت:"ئەگەر جیاوازیش بکات ئەوا جیاوازی لەسەر بنەمای قوربانیدانی زیاتربێت کە هەر ناوچەیەک قوربانی زیاتریدابێت بەدرێژایی مێژوی میللەتەکەمان، ئەوا خزمەتی زیاتربکرێت".

ئه‌م وتانه‌ى حاكم قادر له‌میانى کردنەوەی چوار ڕیانی ناهیدە سۆفی بوو له‌شارى سلێمانى.

بەپەلە