ماليكى بۆ هه‌رێم: نه‌وتى ساڵانى ڕابردوو بده‌نه‌وه‌و پاره‌كه‌شى وه‌ربگرن

کوردستان

08/03/2021‌ 5655 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا پرسى قه‌رزى كۆن له‌نێوان هه‌ولێرو به‌غدا هه‌ڵده‌داته‌وه‌و په‌یامێك ئاراسته‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات، ده‌شڵێت:"بەدوریده‌زانم بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوان هه‌ولێرو بەغدا  لەسەر ئەو بڕە نەوتەی دەبێت هەرێم ڕادەستی بەغدای بکات، ئەمساڵ پڕۆژەیاسای بودجە لەپەڕلەمان تێپەڕێنرێت".


نورى مالیكى مالیکی لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتویەتی:"بەپێی زانیارییەکانی من هێشتا ناکۆکی زۆر لەسەر ئەو بڕە نەوتەی دەبێت هەرێمی کوردستان ڕادەستی بەغدای بکات‌و ئەو بڕە پارەیەشی لەبەرامبەریدا پێیان دەدرێت هەیە، ئەوە جگە لەبابەتی قەرزە کۆنەکان‌و قەرزە کەڵەکەبوەکان كه‌ لەنێوان هەردولا هەیە".

سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەشکردوە، "تائێستا ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم‌و بەغدا وەک خۆیانن‌و پێناچێت چارەسەربن".

ڕونیشیکردۆتەوە، پەڕلەمانتاران پێیانڕاگەیاندوە، ڕێگەنادەن بودجە تێپەڕێنرێت تاوەکو بڕی ئەو نەوتە دیارینەکرێت کە هەرێم ڕۆژانە ڕادەستی بەغدای دەکات، ئەوە جگەلەوەی داواکاریی هەرێم بۆئەوەی بەغدا قەرزی ساڵانی 2014 تا 2021یان بداتەوە ڕەتدەکەنەوە.

مالیکی جەختیکردۆتەوە، "ئەگەربێت‌و هەرێمی کوردستان هەموو ئەو نەوته‌ دەداتە بەغدا کە لەماوەی ساڵانی ڕابردوو دەبوو بەپێی بودجە ڕادەستی بەغدای بکردبایە، ئەوە مافی ئەوەی هەیە داوای قەرزی ئەو چەند ساڵەس لەبەغدا بکاتەوە".

هەروەک لای خۆیەوە زوهرە بەجاری ئەندامی لیژنەی وزەو نەوت لەئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران بەدوریزانیوە لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتودا هەرێم‌و بەغدا لەسەر ناکۆکییەکانی پەیوەست بەپڕۆژەیاسای بودجە بگەنە ڕێککەوتن.

بەجاری لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕونیکردۆتەوە، "حکومەتی هەرێم خواستی نییە ناکۆکییە سیسییەکانی لەگەڵ حکومەتی به‌غدا یەکلابکاتەوە، ناکۆکییەکانیش لەسەر داهاتە نەوتی‌و نانەوتییەکانە".

ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت‌و وزەی پەڕلەمان جەختیکردۆتەوە، "سەرەڕای ڕێکنەکەوتنی هەردولا لەسەر پرسی بودجە، بەڵام لەماوەی داهاتودا پەرلەمان دەنگ بەپڕۆژەیاساى بودجە دەدات، بەوپێیەی ناکرێت تێپەڕاندنی لەوە زیاتر دوابخرێت".

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی