هه‌وڵێكى مه‌ترسیدارى ميتى تورك دژى په‌كه‌كه‌ ئاشكراده‌كرێت

کوردستان

08/03/2021‌ 6160 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

نوسەرێکی تورک؛ بەپشتبەستنی بەسەرچاوەی ئاگادار ئاشکرایکردوە، سەرۆکی تورکیاو دەزگای هەواڵگری ئەو وڵاتە دەیانەوێت لەبەرامبەر پشتیوانیکردنیان لەپارتی دیموکراتی گەلان (هه‌ده‌په‌) کە ئەردۆغان نیازی قەدەغەکردنی هەیە، سەرکردەکانی پارتی چاکەی تورکیا تیرۆربکەن‌و ئۆباڵی ئەو کردەوانەش بدەنە پاڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (په‌كه‌كه‌).


بەگوێرەی ڕۆژنامەی زەمانی تورکی، سەعید سەفا خاوەنی پێگەی هەواڵیی "خەبەردار"ی تورکی‌و نوسه‌رى دیارى توركیا ئاشكرایكردوه‌، "پارتی دادو گەشەپێدانی دەسەڵاتداری تورکیا دوای شکستهێنانی لەڕازیکردنی پارتی چاکەی تورکیا بەسەرۆکایەتیی میراڵ ئەکشنار بۆئەوەی پشتیوانی قەدەغەکردنی هه‌ده‌په‌ بکات، لەئێستادا دەزگای هەواڵگری تورکیا نیازی تیرۆرکردنی سەرکردە دیارەکانی ئەو پارتەو تۆمەتبارکردنی پارتی کرێکارانی کوردستانی هەیە".

ئەو نوسەرە تورکە ڕایگەیاندوە، بەڵگەی متمانەپێکراوى لەبەردەستە کە ئەردۆغان بڕیاری جێبەجێکردنی پیلانێکی خوێناوی دژ بەپاتی چاکەو هه‌ده‌په‌ داوە، کە دوو پارتی سەرەکی ناو "هاوپەیمانێتی نەتەوە"ن لەناو پەڕلەمانی تورکیا.

ئه‌مه‌ش دواى ئه‌وه‌دێت، پارتی دادو گەشەپێدان (ئاكپارتى) وه‌كو پارتى دەسەڵاتداری تورکیاو پارتی نەژادپەرست (مه‌هه‌په‌)، دەیانەوێت بەتۆمەتی پشتیوانیکردنی تیرۆرو پەیوەندییەکانی لەگەڵ پەکەکە، پارتی دیموکراتی گەلان (هه‌ده‌په‌) قەدەغە بکەن‌و لەگۆڕەپانی سیاسی تورکیا دوریبخەنەوە، لەسەر ئەو پرسەش پارتی چاکەی تورکیا بۆ پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی ئەردۆغان بۆ قەدەغەکردنی هەدەپە بونەتە دوبەرە.

چاودێران دەڵێن:"ئەگەربێت‌و لێکۆڵینەوەکانی داواکاری گشتیی بەو دەرئەنجامە گەیشت کە پارتی دیموکراتی گەلان (هه‌ده‌په‌) ڕوی سیاسیی پارتی کرێکارانی کوردستانە، ئەوە لێکۆڵینەوەکان بەئاڕاستەی داخستنی ئەو پارتە دەڕۆن".

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی