تەندروستیی جیهانیی: زۆرینەی ڤاکسینەکان بۆ وڵاتە دەوڵەمەندەکانه‌

جیهان

08/03/2021‌ 360 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداریده‌داته‌ وڵاتانی جیهان بەوەی لەتەرخانکردنی ڤاکسینی دژە کۆڕۆنا تەنها بیر لەخۆیان نەکەنەوە، جەختیشیکردۆتەوە، "نابێت هیچ وڵاتێکی جیهان لەدەستکەوتنی ئەو ڤاکسینە دوابکەوێت".


تێدرۆس ئەدهانۆم گیبرسۆس بەڕێوەبەری گشتیی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی وتویه‌تى:"تائێستا 225 ملیۆن ژەمە ڤاکسین دراوە، کە بەشی هەرە زۆری بۆ وڵاتانی دەوڵەمەندو بەرهەمهێنەرانی ئەو ڤاکسینە بوە، لەکاتێکدا وڵاتانی هەژارو داهات مامناوەند ناچارن چاوەڕێی دەستکەوتنی ڤاکسینەکانە بکەن".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "سیاسەتی "سەرەتا خۆم" ڕەنگە لەسەر ئاستی مەودا کورت خزمەتی بەرژەوەندییە سیاسییەکانی وڵاتە دەوڵەمەندەکان بکات، بەڵام دواتر هەر ئەو سیاسەتە لەناودەچێتەوە".

ئەوە یەکەمجارنییە گیبرسۆس ئەو جۆرە هۆشداریانە دەدات، بەشێوەیەک ڕۆژی 18ى کانونی دوەمى ئه‌مساڵیش لەبارەگای ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانیی لەژنێف وتی:"دەمەوێت لەگەڵتان ڕاشکاوبم، جیهان لەسەر لێواری داڕمانێکی ئاکاریی کارەساتباردایە، باجی ئەو داڕمانەش گیان‌و ژیانی وڵاتە هەژارەکان دەیدەن".

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی