لاپۆرتا لەبارەی ئاییندەی مێسییەوە چی دەڵێت؟

وەرزش

08/03/2021‌ 254 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پاش هەڵبژاردنی وەكو سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنە، خوان لاپۆرتا یەكەم لێدوانی لەبارەی مێسییەوە بوو، كە لەهاوینی ڕابردوو هەوڵی جێهێشتنی یانەی بەرشەلۆنەی دا.

خوان لاپۆرتای ئیسپانی، پاشئەوەی لەماوەی ساڵانی 2003 – 2010 سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنە بوو، جارێكی تر وەكو سەرۆكی ئەو یانەیە هەڵبژێردرایەوە.

لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتی یانەی بەرشەلۆنە، لاپۆرتا توانیتی 54.28%ى دەنگەكان بەدەستبهێنێت، ڤیكتۆر فۆنت 29.99%ى دەنگەكانی بەدەستهێناو تۆنی فریچا 8.58%ى دەنگەكانی بەدەستهێنا.

بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناو كەرەنتینەوە، یانەی بەرشەلۆنە بەقەیرانێكی سەختی داراییدا تێدەپەڕێت‌و دەبێت لاپۆرتا بەشێوەیەكی زیرەكانە مامەڵە لەگەڵ ئەو قەرزانە بكات كە 1.4 ملیار یۆرۆیە.

یەكەم یاری لاپۆرتا وەكو سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنە، لە16 ی مانگ بەرامبەر پاریس سانجێرمانە لەخولی پاڵەوانێتی ئەوروپا، لاپۆرتا وتی: "سەركەوتن بەدەستدەهێنین".

هاوشێوەی سەرجەم ئەندامەكانی تری یانەكە، پاش سەركەوتنی بەرشەلۆنە بەرامبەر یانەی ئوساسۆنا، لیۆنێل مێسیش بەشداری ئەم هەڵبژاردنەی سەرۆكایەتی یانەكەی كرد.

لاپۆرتا، كە بەجیاوازییەكی زۆری دەنگ لەپێشەوە بوو، بوو بەسەرۆكی یانەی بەرشەلۆنەو لە بارەی ئاییندەی مێسی‌و چارەنوسی یانە كەتەلۆنییەكەوە گەشبینە.

سەرۆكە كۆنە - نوێیەكە، لەلێدوانی سەركەوتنیدا وتی:"ئەمڕۆ 20 ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر كاروانی تۆپی پێی لیۆنێل مێسیدا كە 12- 13 ساڵ لەگەڵ ئێمە بووە".

لاپۆرتا وتی:"ئەگەر مێسی بەرشەلۆنەی خۆشبوێت، ئەوە باشترین یاریزانی جیهان بەرشەلۆنەی خۆشدەوێت، ئێمە دەمانەوێت یارمەتی مێسی بدەین بۆ ئەوەی لەبەرشەلۆنە بمێنێتەوە".

ئامادەكردن: ڕەنج ڕەسوڵ