نێچیرڤان بارزانی هه‌ڵوێستی خۆی له‌باره‌ی په‌یامه‌كه‌ی كازمی ڕاگه‌یاند

کوردستان

08/03/2021‌ 569 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە بانگەوازەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ده‌كات كه‌ ڕایگه‌یاند، هەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی بودجەی 2021 بگەنە رێککەوتن.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە تویتەری خۆی ڕایگه‌یاند، "پشتیوانی له‌‌ بانگه‌وازی سه‌رۆکوه‌زیران به‌ڕێز کازمی ده‌که‌م بۆ گفتوگۆی نیشتمانی نێوان لایه‌نه‌ ناکۆکه‌کانی عێراق و گفتوگۆیه‌کی نیشتمانی راسته‌قینه‌ی قووڵ بۆ رێککه‌وتنی یه‌کجاری و چاره‌سه‌رکردنی ریشه‌یی کێشه‌کانی هه‌رێمی کوردستان له‌گه‌ڵ حکومه‌تی فیدراڵی به‌پێی ده‌ستوور".

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ڕایگه‌یاند، "داوا دەکەم گفتوگۆیەکی نیشتمانی راستەقینە و قووڵ و لە هەموو ئاستە فەرمی، حیزبی و جەماوەرییەکان دەستپێبکات، بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی لە نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە شێوەیەک یەکێتی خاکی عێراق پارێزراو بێت و کێشە کەڵەکەبووەکان بە ریشەیی چارە بکات".