شارپرێس:
هەرچەندە بەپێی ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبونەوەی چەکە ناوەکییەکان، بەریتانیا بۆی هەیە تەنها خاوەنی 180 کڵاوەی ناوەکیی بێت، بەڵام حکومەتی ئەو وڵاتە ڕایگەیاندوە، بەرامبەر بەزیادبونی هەڕەشە تیرۆریستییەکانو مەترسیی ڕوو لەهەڵکشاوەکانی هەریەک لەڕوسیاو چین بەرنامەیان هەیە ژمارەی کڵاوە ناوەکییەکانیان بۆ 260 کڵاوەی ناوەکیی بەرز بکەنەوە.
بۆ ئەو مەبەستەو بەگوێرەی میدیاکانی بەریتانیا، وابڕیارە ڕۆژی سێشەممە بۆریس جۆنسۆنی سەرۆک وەزیران لەبەرامبەر پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا ئەنجامی ڕاپۆرتی بەرگریو ئاسایشو سیاسەتی دەرەکیی وڵاتەکەی بخوێنێتەوەو ئاراستەی بەرگری ئەو وڵاتە بۆ دەیەی داهاتوو ئاشکرابکات.
بەپێی زانیارییەکانی هەردوو ڕۆژنامەی "زە سەن"و "گاردیان"، جۆنسۆن دەیەوێت کۆمەڵێک مەترسیی تیرۆریستیو تەکنەلۆژیی ڕوو لەهەڵکشاو بکاتە پاساوی ئەو هەنگاوەی حکومەتەکەی کە لەوەتەی کۆتاییهاتنی جەنگی ساردەوە بێپێشینەیەو بەپێی ئەوە جبەخانە ناوەکییەکەی بەریتانیا لە40% زیاددەکات.
چاودێران دەڵێن:"ئەو گۆڕانکارییە دراماتیکیەی لەندەن بەشێکە لەهەوڵەکانی ئەو وڵاتە بۆئەوەی لەدوای پرۆسەی بریگزێتو چونەدەرەوەی لەیەکێتیی ئەوروپا، خۆی وەک هێزێکی سەرەکیی لەسەر گۆڕەپانیی نێودەوڵەتیی بەگوێرەی چەمکی "بەریتانیای مەزن" بهێڵێتەوە".
لەو چوارچێوەیەدا کهمپینی نێودەوڵەتیی کۆتاییهێنان بەچەکی ناوەکیی لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندوە، ئەو گۆڕانکارییەی حکومەتی بەریتانیا پێشێلکردنی پابەندییەکانی لەندەنە بەگوێرەی ڕێککەوتننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبونەوەی چەکی ناوەکیی.
بێتریس فین سەرۆکی ئەو ڕێکخراوە ناحکومییە وتویەتی:"بڕیاری شانشینی یەکگرتوو بۆ زیادکردنی جبەخانە ناوەکییەکەی لەژێر سایەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، نابەرپرسانەیەو پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە".
هەروەک گروپی "هەڵمەتی داماڵینی چەکی ناوەکیی" ڕایگەیاندوە، ئەو بڕیارەی بەریتانیا هەنگاوی یەکەمە بەرەو پێشبڕکێیەکی نوێی چەکی ناوەکیی لەجیهاندا"، هەروەک بڕیارەکەشی بەبێزارکردنێکی گەورەی گۆڕەپانی نێودەوڵەتییو وروژاندنی نائارامییە جیهانییەکان هەژمارکردوە.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی