كڕینى نه‌وتى ئێران له‌لایه‌ن چینه‌وه‌ خواستى تارانى بۆ گفتوگۆ كه‌مكردۆته‌وه‌

جیهان

20/03/2021‌ 1238 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارثرێس:


لەم مانگەدا چین کڕینی نەوتی ئێران‌و ڤەنزوێلای بەشێوەیەکی بەرچاو زیادکردوەو ئەوەشی وەک تەحەدایه‌ك بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا ناوبردوه‌، ڕاشیگەیاند، بەو هەنگاوە چینییەکان هەوڵەکانی واشنتۆنیشیان بۆ گوشارخستنەسەر ئەو دوو وڵاتە لاوازکردوە.


بەگوێرەی ڕۆژنامەی" وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمریکی، داتاکانی کۆمپانیای " Kpler"ی تایبەتمەند بەچاودێریکردنی پرۆسەکانی بارکردنی نەوتی خاو لەجیهاندا پیشانیدەدەن کە لەماوەی ئەو مانگەدا چین ڕۆژانە نزیکەی 918 هەزار بەرمیل نەوتی لەئێران کڕیوە، کە بەپێی پێشبینییەکانی کۆمپانیاکانی تری چاودێریکردنی جوڵەی تانکەرەکانی نەوت، تەنانەت ڕەنگە کڕینی نەوتی ئێران لەلایەن چینەوە ڕۆژانە گەیشتبێتە ملیۆنێک بەرمیلیش.

ڕۆژنامە ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، لەدوای سەپاندنی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆسەر کەرتی وزەی ئێران لەلایەن ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لەساڵی 2018 ئەوە زۆرترین بڕی نەوتی ئێرانە کە لەلایەن چینەوە کڕدراوە.

لەوبارەیەوە ڕۆژنانەمەکە لەزاری سارە فاخشوری پسپۆڕ لەپیشەسازی نەوتی ئێران بڵاویكردۆته‌وه‌، "ئەگەربێت‌و ئێران ڕۆژانە ملیۆنێک بەرمیل نەوت بەنرخی ئێستا بفرۆشێت، ئەوە هیچ خواستێکی بۆ دانوستان لەسەر بەرنامە ناوەکییەکەی‌و هەڵگرتنی سزاکانی سەری نابێت".

هەروەک بەرپرسێکی ئەمریکیش ئاشکرایکردوە، بەرزبونەوەی کڕینی نەوتی ئێران لەلایەن چینەوە، خواستی ئێرانی بۆ دانوستان بۆ لابردنی گەمارۆکان کەمکردۆتەوە.

هێشتا هەریەک لەوەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاو باڵیۆزخانەی چین لەواشنتۆن، وەڵامی داواکاریی ڕۆژنامەکەیان بۆ ڕونکردنەوە لەبارەی ئەو هەواڵە نەداوەتەوە.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی