هێڵى سورى سێیه‌مى میسر بۆ ئه‌ردۆغان به‌ڕێوه‌یه‌..ئه‌مجاره‌ لەسۆماڵ ده‌بێت

جیهان

25/03/2021‌ 3598 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی شیکاریی پێگەی "ئەحوالی تورکی"، دوای ئەوەی میسر لەدانانی دوو هێڵی سور بۆ تورکیا سەرکەوتنی بەدەستهێناو شکستی بەپلانەکانی ئەردۆغان هێنا، لەئێستادا پێدەچێت قاهیرە وەک هێزێکی هەرێمی کارا، لەناوچەیەکی تری جیهانیش سێیەم هێڵی سور بۆ تورکەکان دابنێت کە ئەویش وڵاتی سۆماڵە.


یەکەم هێڵی سور کە قاهیرە بۆ ئەنكەرەی دانا  بریتیبوو لەهێڵی "سرت-جفرە" لەلیبیا کە بەپێی ئەوە میسرییەکان ڕێگەیان نەدا چەکدارانی سەر بەحکومەتی ویفاقی نیشتیمانی لایەنگری ئەنكەرە خۆیان بگەیەننە ڕۆژهەڵاتی لیبیاو وڵاتەکە بەتەواوەتی بکەوێتە ژێر هەژمونی تورکەکانەوە، لەدواییدا لەڕێگای کۆمەڵێک دانوستانەوە حکومەتێکی یەکێتیی نیشتیمانیی لیبی لێکەوتەوە.

دوەم هێڵی سوری میسرییەکان بۆ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان بریتیبوو لەڕێککەوتننامەی دیاریکردنی سنوری دەریایی لەگەڵ یۆنان، کە بەهۆیەوە ڕێگەی لەهەوڵەکانی ئەنكەرە گرت بۆئەوەی جێپێی خۆی لەسەرچاوە گرنگەکانی وزە لەڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست قایمبکات، بەتایبەت لەڕێگای ئەو ڕێککەوتنەی ئەنكەرە لەگەڵ حکومەتی ویفاقی نیشتیمانیی بەسەرۆکایەتیی فایز سەرراج واژۆی کردبوو.

یەکێکی تر لەو جێگایانەی میسر دەیەوێت شکست بەهەوڵەکانی تورکیا بۆ سەپاندنی هەژمون‌و باڵادەستی خۆی بهێنێت وڵاتی سۆماڵە، کەبەپێی ڕاپۆرتێکی پێگەی"نۆدریک مۆنیتۆر"ی سویدی، تورکیا دەیه‌وێت لەڕێگای سیاسیی‌و سەربازیی‌و ئابورییەوە دەستتێوەردان لەو وڵاتەدا بکات‌و گروپ‌و تۆڕە ئیسلامییە توندڕەوەکان بەهێزبکات، لەکاتێکدا سۆماڵ چەندین ساڵ بەدەست شەڕی ناوخۆیی‌و ململانێی هۆزگەراییەوە ناڵاندویەتی.

بەپێی پێگەی "ئەحوال"، میسرییەکان نیگەرانن لەوەی زیادبونی هەژمونی تورکی ببێتە هۆی دنەدانی ناکۆکییە ناوخۆییەکان لەسۆماڵدا، بەوپێیەی ئەردۆغان دەیەوێت پاڵپشتییەکی ڕەهای سەرۆکی سۆماڵ لەڕوبەڕوبونەوەی هێزە بەرهەڵستکارەکان بکات، لەکاتێکدا میسر جگەلەوەی ئەو وڵاتە بەبەشێک لەبواری ژیاری خۆی هەژماردەکات، لەهەمانکاتیشدا دەیەوێت بەدانانی سنورێک بۆ ئەردۆغان پارێزگاری لەئاسایشی نەتەوەییەکەی بکات.

پێشتر چەندینجار ئۆپۆزسیۆنی سۆماڵ داوایان لەتورکیا کردوە پشتیوانی سەربازیی پێشکەش بەیەکەو گروپەکانی سەر بەسەرۆکی سۆماڵ نەکات، تاوەکو ئەو پشتیوانییە بۆ دزینی هەڵبژاردنەکانی داهاتوی ئەو وڵاتە بەکارنەهێنێت، بەڵام تورکیا دەیەویت لەچەند ڕێگایەکەوە دەستبەسەر جومگەکانی سوپای سۆماڵدا بگرێت، وەک پێشکەشکردنی بەڵێنی وەبەرهێنان‌و ڕاهێنانی سەربازیی.

ئەو هەڵوێستەی میسر هاوکاتە لەگەڵ جوڵەکانی ماوەی ڕابردوی تورکیا بۆئەوەی دۆستایەتی قاهیرە بەدەستبهێنێتەوە، ئەویش لەڕێگای کۆمەڵێک لێدوانی یەک لەدوای یەکی گەورە بەرپرسانی تورکیا بەوەی دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ قاهیرە ئاسایی بکەنەوە، لەبەرامبەردا میسریەکان دەڵێن پێش باسکردن لەهەر جۆرە ئاشتبونەوەیەک چەند مەرجێک هەیە دەبێت ئەنكەرە جێبەجێیان بکات.

وەرگێڕان: ئاکۆ ئاڵی