چۆن بەرژەوەندیییەكانی توركیاو ئیخوان موسلمین لەسوریادا یەكانگیربون؟

جیهان

28/03/2021‌ 1605 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانییەوە، توركیای دەمارگیر لەسەر جەستەو لاشەی گەل‌و ڕۆشنبیرییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەژیت، ئەو دەوڵەتەوە لەوساوە ترسی لەدروستبوونی قەوارەیەكی دیموكراسی هەیە كە بەتەنیشتییەوە دابمەزرێت‌و دان بە ئازادی‌و فرەیی‌و مافەكانی مرۆڤدا بنێت، چونكە خودی توركیا لەسەر تێكپێكشكاندنی بنەماكانی دیموكراسی‌و مافەكانی مرۆڤ دروستبووە، تەنانەت ئەو بنەمایانەی بۆ گەلی توركیش قبوڵ نییە، چونكە دیموكراسی لەشێوە سادەكەی خۆیدا دەمارگیری لەناودەبات، بۆیە دەوڵەتە دەمارگیرەكەی توركیا ئامانجی وێرانكردنی ڕۆشنبیری گەلانی دیكەی ناوچەكەو بەتاڵانبردنی رۆشنبیری‌و كەلتورو خێروبێرەكانیانە، بەو ئامانجەی لەو ڕێگەیەوە ئەوە بسەلمێنێت كە خاوەنی شارستانییەتێكی توركی تۆرانییە!

یەكێتی ئەوروپا هەلی ئەوەی خستە بەردەم توركیا كە ببێتە دەوڵەتێكی دیموكراسی‌و ئەندامی یەكێتییەكەو لەهەموو خەسڵەتەكانی ئەو یەكێتییەش بەهرەمەندبێت، بەڵام توركیا بەهەموو شێوەیەك خۆی لەپابەندبوون بەبنەماكانی یەكێتی ئەوروپا دزیەوە، چونكە قبوڵكردنی ئەو بنەمایانە پەردە لەسەر ڕووی ناشرینی توركیای دەمارگیر هەڵدەماڵێت‌و تاوانە دژ بەمرۆڤایەتی‌و كەلتورییەكانی ئاشكرادەكات.

توركیا گەلەكەی خۆی لەبنەماكانی دیموكراسی مافی مرۆڤ بێبەش كردووە، بەو ئامانجەی قەڵا دەمارگیرییەكەی نەڕوخێت كە لەسەر داروپەردوی ئازادی‌و شارستانییەتی گەلانی ناوچەكە بنیاتیناوە، بۆیە هەرگیز ئەوەی پێ هەرس ناكرێت دەوڵەتێكی دیموكراسی هاوسنوری بێت، بۆیە لەپێناو خنكاندنی ئەو بنەما دیموكراسییانە ئەنكەرە هەموو شێوازو ڕێبازێكی گرتۆتەبەر، لەوانەش پیلانگێڕی دژ بەشۆڕشە ئاشتیخوازەكەی سوریا، ئەوەبوو كە سنوری بۆ تیرۆریستان‌و چەك‌و تەقەمەنی بەرەو ناو خاكی سوریا واڵاكرد، ژێرخانی ئابووری ئەو وڵاتەی وێرانكرد، كارگەكانی بەتاڵانبردن كە شادەماری ئابوری سوریا بون، كاتێكیش سنوری بۆ ئاوارە سورییەكان كردەوە ئامانجی مرۆڤ دۆستی نەبوو، بەڵكو ئەمەی كردە پاساوێك بۆ بەهێزكردنی زۆرترین كادیری ئیخوانەكان‌و دواتریش ڕەوانەی ناو خاكی سوریای كردنەوە، بەو ئامانجەی لەئایندەدا لەڕێگەی ئیخوانەكانەوە دەستبەسەر حوكمڕانی سوریادا بگرێت، لێرەوە بەرژەوەندی ئیخوانەكان لەگەڵ بەرژەوەندی توركیا یەكانگیربوو، چونكە ئیخوانەكانیش وەك توركیای دەمارگیر باوەڕیان بەدیموكراسی‌و مافەكانی مرۆڤ نییەو ئەم میتۆدە تەواو دژ بەو بنەما هزرییانەیە كە ئیخوانی لەسەر دروستبووە.

ئیخوانەكانیش گروپێكی هەلپەرستن‌و بەدرێژایی مێژووی دروستبوونیان‌و بەمەبەستی بەهێزكردنی ئایدیۆلۆجیای سیاسی خۆیان، سوودیان لەویست‌و ئارەزوی خەڵكی سادەو ساكار لەگەیشتن بەئازادی‌و شكۆمەندی وەرگرتوە، بۆیە ئامانجیان بوە میسرو سوریا وێران بكەن‌و شۆڕش لەو دوو وڵاتەدا بەلای بەرژەوەندییەكانی خۆیاندا بخەن، ئیخوانەكانی  سوریا سودیان لەهەڵەكانی ئیخوانەكانی میسر وەرگرت‌و بەوەی نەیانهێشت سوپای سوریا بێلایەن بێت‌و ئەركی نیشتمانپەروەری خۆی جێبەجێبكات، بۆیە بنەماكانی سوپای نیشتمانی سوریایان لەڕەگەوە هەڵتەكاند.

پلانی ئیخوانەكانی سوریا بەهاوكاری توركیا بەڕادەستكردنی هەرموش بەڕژێمی سوریا دەستیپێكرد، ئینجا دەستیانكرد بەتیرۆركردنی ئەفسەرە ئازادیخوازەكانی سوپای سوریاو كڕینی ویژدانی هەندێكی دیكەیان وەك سەلیم ئیدریس‌و عەبدولجەبار عگیدی‌و هی دیكەش، كاریان بۆ ئەوەكرد دەنگە ئازادەكانی ناو ئەو سوپایە كپبكەن وەك ئەحمەدڕەحال‌و هی دیكەش، بەهاوكاری توركیا سوپای سوریای ئازادیان تێكپێكشكاندو ئەوانەی سەر بەخۆیان نەبوون پاكتاویانكردن، دواتر سوپایەكی بەناو نیشتمانی - یان دامەزراند كە گوێ لەمستی ئیخوان‌و توركیایە، ئەو سوپایە دەستبەرداری هەموو بنەمایەكی نیشتمانی‌و دیموكراسی‌و ئازادی بووە، بۆتە سەرەنێزەی ئیخوان‌و توركەكان، بوونە چەتەو ڕێگرو پارێزەری بەرژەوەندییەكانی توركیای دەمارگیر، لەمەوەبونە گەورەترین بەربەست لەبەردەم دروستبونی هەر قەوارەیەكی دیموكراسی كە باوەڕی بەئازادی‌و فرەیی هەبێت.

ئەوەی ئاگاداری ڕەوتی ڕوداوەكانی شۆڕشی سوریا بێت، بەڕوون‌و ئاشكرایی ئەو نیەت‌و نیازەی ئەنكەرەو ئیخوانەكانی بۆ دەردەكەوێت كە چۆن شۆڕشە ئاشتیخوازەكەی سوریایان دزی، لەڕێگەی ڕێككەوتننامەكانی سوچی‌و ئەستانەوە بنەماكانی ئەو سوپا ئازادو نیشتمانپەروەرەیان لێكهەڵتەكاند، گەلی سوریان كردە ئاوارەو پەنابەری وڵاتان، برسی‌و بێلانەیان كردن، كردییانە دەسكەلای دەستی ئەم‌و ئەو، هەموو ئەم ڕووداوانە بەپیلانگێڕی توركیا‌و ئیخوانەكان بوو، تاوەكو مەرامەكانیان لەڕۆژهەڵاتی ناوەراست‌و جیهانی ئیسلامیدا بێننەدی‌و حوكمڕانییەكی توركی تۆرانی‌و ئیخوانی تیرۆرست دابمەزرێنن.

پێگەی ئەلیكترۆنی: سەنتەری بەدیكۆمێنتكردنی پیشێلكارییەكان لەباكوری سوریا
نوسینی: محەمەد عەلی
وەرگێڕانی: لوقمان حاجی قادر