توانای هێزە ئاسمانییەکانی ئه‌مریكا بۆ تێکشکاندنی سیستەمە بەرگرییەکانی ئێران چەندە؟

مەلەفی تایبەت

02/04/2021‌ 1618 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ماوەیەکە ئێران وێنەو ڤیدیۆی بنکەی نوێی سوپای پاسداران لەژێر زەویی پیشاندەدات کە بەموشەکی کروزو موشەکی بالسیتی‌و کەلوپەلی جەنگی ئەلیکترۆنیی پڕچەککراون، بەشێوەیەک ڕاپۆرتە میدیاییەکانی ئێران وەک شاری موشەکیی لەژێر زەویی وەسفیدەکەن.


لەبەرامبەردا گۆڤاری ناشۆناڵ ئینترێست دەڵێت:"وەزارەتی بەرگری ئه‌مریكا لەبەرچەند فاکتەرێک، ئەوەی ئێران دەیڵێت بەهەندی وەردەگرێت".

گۆڤارەکە دەڵێت:"سوپای ئێران خاوەنی سسیتەمی بەرگری ئاسمانیی " ئێس-300"و "ئێس-400"ی ڕووسیی، بەلەمی جەنگیی، نزیکەی چوار هەزار تانک، زیاتر لە 100 فڕۆکەی جەنگی، نزیکەی 30 ژێردەریایی‌و جبەخانەیەکی گەورەی مووشەکی بالیستیی کورتمەوداو مەودا مامناوەندە".

لەبەشێکی تری ڕاپۆرتەکەی گۆڤارە ئه‌مریكییەکەدا هاتووە، "ئێران خاوەنی بەرنامەیەکی ناوەکیی گەشەسەندوو بەرزەفڕی هەرێمایەتییەو پشتگیریی چەندین گرووپی چەکداریی دژ بەویلایەتە یەکگرتووەکانی ئه‌مریكا دەکات، هەروەک چۆن چەندین مانۆڕی ئاشکرا بۆ ترساندن‌و هەڕەشەکردن لەهاتوچۆی دەریایی لەگەرووی هورمز دەکات".

گۆڤارەکە باسی لەوەشکردووە، ئەگەربێت‌و گریمانەی جەنگێکی سەربازیی لەنێوان ئێران‌و ویلایەتە یەکگرتووەکان بکرێت، ئەوە بۆسەرکەوتنی ئه‌مریكا تێیدا دەبێت بەشێوەیەکی سەرەکیی پشت بەسەرکەوتنێکی خێرا لەبواری هێرشی ئاسمانیی ببەسترێت، ئەوەش پێویستی بەوەیە سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێران لەجۆری ئێس-300و ئێس-400 تێکبشکێنرێن.

ناشیۆناڵ ئینترێست دەڵێت، "لەهەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی دژی ئێران دەبێت ڕاستەوخۆ پشت بەفڕۆکەی جەنگیی ئێف-35ی شەبەحی ببەسترێت، بەوپێیەی ئەو فڕۆکەیە توانای کردنەوەی دەرچە بۆ هێرشێکی ئاسمانیی فراوانی هەیە".

ئەوەشی وتووە، "بەرلەوەی فڕۆکە جەنگییەکان لەنەوەی چوارەم‌و ئەو فڕۆکانەی کەمتر شاراوانە گورزە ئاسمانییەکانیان دژ بەئامانجەکانی ئێران بوەشێنن، دەبێت لەڕێگای فڕۆکە شەبەحییەکانەوە باڵادەستی ئاسمانیی دابینبکرێت".

بۆئەوەش پێدەچێت فڕۆکەی جەنگیی ئێف-35 بژاردەیەکی باشبێت بۆ ئەو ئەرکە، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێس-400ی ڕوسیی بەئاسانی توانای جێگۆڕکێ‌و گواستنەوەی هەیە.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، فڕۆکەی ئێف-35 توانای مانۆڕکردن‌و بەدواکەوتنی ئامانجەکانی سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییە جوڵاوەکان‌و تێکشکاندنیانی هەیە، بەشێوەیەک بۆ تێکشکاندنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێس-400ی ڕووسی، توانایەکی بێوێنەی هەیە.

بەگوێرەی ناشیۆناڵ ئینترێست، فرۆکەی شەبەحی F-35s، دەتوانێت لەکاتی ڕاستەقینەدا زانیارییەکانی لەڕێگەی لینکێکی داتای فرەکرداری پێشکەوتووەوە دابەشبکات، هەروەها دەتوانێت سێنسەری بەئامانجگرتنی دورمەودا بۆ یارمەتیدان لەدۆزینەوەی سیستەمە بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێران‌و پاشان لەناوبردنی بەکاربهێنێت.

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی