شارپرێس:
ئاژانسی بۆشاییگەری ئەمریکی (ناسا)، ڕایگەیاندووە، تاقیکردنەوەی هێلیکۆپتەری Ingenuity کە لەگەڵ گەڕۆکی Perseverance ڕەوانەی سەر هەسارەی مەریخ کراوە، بۆ 11ى ئهم مانگه دواخراوە.
لەماوەی ڕابردوودا، پۆپ بیلارام دیزاینەری هێلیکۆپتەرەکەی ناسا ڕایگەیاندبوو، لە8ى ئەم مانگە یەکەم گەشتی خۆی لەسەر هەسارەی سوور ئەنجامدەدات، بەڵام بەدوریشینەزانی ئەم بەروارە دوابخرێت.
وتەبێژی ناساش باسی لەوەکردووە، یەکەم گەشتی هێلیکۆپتەرەکە لە11ى ئهم مانگه ئەنجامدەدرێت، بەڵام زانیارییەکانی لە12ى مانگ دەگاتە سەر زەوی.
بیلارام ئاشکرایکردووە، هێلیکۆپتەرەکەی ئامێرێکی لەرزۆکە، بۆیە ئەگەربێتو بکەوێتەسەر زەویی ناتوانێت جارێکی تر بفڕێتەوە.
بەڵام لۆری گلیز سەرۆکی بەشی هەسارەکان لەئاژانسی ناسا وتویەتی:"هێلیکۆپتەرەکە کەکێشی لە ١،٨ کیلۆگرام زیاتر نییە دەبێتە یەکەم فڕۆکە لەسەر هەسارەیەکی تر دەفڕێت".
ڕوونیشیکردۆتەوە، لەڕێگای ئەو هێلیکۆپترەوە ناسا وێنەی سەر ڕووی مەریخ دەگرێتو زانیاریی لەسەر بەشەکانی خاکی هەسارەکە کۆدەکاتەوە کە قورسە لەخولگەی هەسارەکەوە ئەو زانیاریانە کۆبکرێنەوە.
گلیز باسی لەوەشکردووە، سەرەتا دەبێت هێلیکۆپتەرەکە تا بەرزی سێ مەتر هەڵبستێت، دواتر بگاتە بەرزی پێنج مەتر، ڕونیشیکردۆتەوه، "گەشتە ئاسمانییەکانی هێلیکۆپتەرەکە لانیکەم 31 ڕۆژی زەویی پێدەچێت".
گەڕۆکی پێرسیڤێرانسی ئەمریکی لە19ى مانگی دووی ئەمساڵ گەیشتە سەر هەسارەی مەریخو لەسەر چاڵی "ئیزۆرۆ" نیشتەوە، پسپۆڕانی ناسا ئومێدیان وایە لەڕێگای ئەو گەڕۆکەوە زانیاریان لەسەر پاشماوەی ژیان لەسەر هەسارەکە دەستبکەوێت.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی