هۆكارى ڕاگرتنى یاریه‌كه‌ى قادش‌و ڤالێنسیا چى بوو؟

وەرزش

05/04/2021‌ 156 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

خۆسیە گایا بەرگریكاری یانەی ڤالێنسیا، وتی:"پاشئەوەی یاریگامان بەجێهێشت، ڕێكخراوی تۆپی پێی خولی ئیسپانی پێی وتین:"ئەگەر بەردەوامی بەیارییەكە نەدەن، خاڵەكان لەدەستدەدەن".

یاریزانانی ڤالێنسیا لەخولەكی 29 یاریگایان جێهێشت، بەهۆی ئەوەی خوان لاكای یاریزانی هێڵی بەرگری قادش، قسەی ڕەگەزپەرستانەی بەموختار دیاكابی یاریزانی ڤالێنسیا وت.

داڤید مێندی، ناوبژیوانی یارییەكە وتی:"دیاكابی پێی ڕاگەیاندم كە وشەی ڕەگەزپەرستانەی بەرامبەر بەكارهێنراوە"، بەڵام ئەلڤارۆ سێربیرای ڕاهێنەری قادش وتی:"یاریزانەكەمان هیچ وشەیەكی ڕەگەزپەرستانەی بەكارنەهێناوە".

گایا بەتۆڕی مۆڤیستاری ڕاگەیاند، "دیاكابی وشەی ڕەگەزپەرستانەی بەرامبەر بەكارهات، نامەوێت ئەو وشانە لێرەدا دوبارەبكەمەوە، بەوهۆیەوه‌ هەمومان یاریگامان بەجێهێشت".

هەروەها وتی:"دیاكابی پێی وتین لەیارییەكە بەردەوامبن، ئەگەر ئەو نەیووتایە نەدەچوینەوە یاریگا، بەڵام خۆی نەیتوانی بەردەوامبێت لەیاریكردن".

یارییەكە بەئەنجامی 2-1 لەبەرژەوەندی قادش كۆتاییهات، گۆڵی دووەمی قادش لەخولەكی 88 لەلایەن ماركۆس مارۆوە تۆماركرا، كە لەجێگەی خوان لاكا هاتە نێ یاریگا.

ئەلڤارۆ سێربیرا وتی:"لەبەرئەوە خوان لاكام ئاڵوگۆڕ پێكرد، كارتی زەردی هەبوو مەترسی كارتی سوری لەسەر بوو، ئەگینا بۆ ئەو بابەتە، متمانەم بەیاریزانەكەم هەیە كە هیچ قسەیەكی ڕەگەزپەرستانەی نەوتووە".

ڕەنج ڕەسوڵ