دەرمانێکی نوێ توشبوانی شێرپەنجەی مەمک لەماوەیەکی زۆر کەمدا چارەسەردەکات

تەندروستی

08/04/2021‌ 473 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بەگوێرەی رۆژنامەی "دەیلی مەیڵ"ی بەریتانی، دەستەی خزمەتگوزارییە تەندوروستییە نیشتیمانییەکانی بەریتانیا جۆرە دەرمانێکی نوێیان پەسەند کردووە کە لەباریدا هەیە ماوەی چاکبوونەوەی تووشبووانی نەخۆشیی شێرپەنجەی مەمک بۆتەنیا پێنج خولەک کەمبکاتەوە.

دەسەڵاتدارانی بەریتانیا دەڵێن دەرمانەکە کە ناوی "Phesgo"یە، دەخرێتەبەردەست هەموو ئەو نەخۆشانەی تووشی شێرپەنجەی مەمک بوون‌و چارەسەری کیمیاییان بۆدەکرێت، یان ئەوانەی تووشی شێرپەنجەی مەمکی پۆزەتیڤ ( HER2) بوون.

خزمەتگوزارییە تەندرووستییەکانی بەریتانیا ئەوەشی وتووە، دەرمانەکە بەشێوەیەکی گەورە مەترسیی تووشبوون بەڤایرۆسی "کۆڤید-١٩" لەنێوان تووشبووانی نەخۆشیی شیرپەنجە کەمدەکاتەوە، ئەویش لەڕێگای کەمکردنەوەی ئەو ماوەیەی لەنەخۆشخانە بەسەریدەبەن.

لای خۆیەوە، دیلیس مۆرگان بەڕێوەبەری جێبەجێکردنی کۆمەڵەی خێرخوازی بۆ شێرپەنجەی مەمک وتویەتی:"رەزامەندیدانی دەسەڵاتدارانی تەندرووستیی بەدەرمانی Phesgo هەواڵێکی زۆرخۆشە بۆ هەزاران ئەو ئەفرەتانەی سوود لەچارەسەرێکی خێراو بێئازارتر وەردەگرن".

بەگوێرەی خزمەتگوزارییە تەندرووستییە نیشتیمانییەکانی بەریتانیا، ساڵانە 3600 نەخۆشی نوێی شێرپەنجەی مەمک لەبەریتانیا سوود لەدەرمانەکە وەردەگرن، دەرمانە نوێکە تێکەڵەیەکە لەدەرمانەکانی پێرتۆزۆماب لەگەڵ تراستوزۆماب، کە پێشتر دەکرا هەریەکەیان بەجیاو لەڕێگای دەرزیی دەمارییەوە لەنەخۆشەکان بدرێت.

دامەزراوە تەندورستییە بەریتانییەکە دەڵێت:"دەرمانەکە تەنها پێنج خولەکی دەوێت بۆئەوەی ئامادەبکرێت‌و نەخۆشەکەی پێبکوترێت، بەراورد بەدەرمانە کۆنەکان دەبوو بەدوو ژەمی جیاواز بەنەخۆشەکان بدرێت‌و ماوەی دوو کاتژمێرو نیویشی پێویستبوو".

ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی