کازمی لەبارەی میلیشیاکانەوە پەیامێکی توند ئاراستەی ئێران دەکات

عیراق

09/04/2021‌ 700 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی عێراقی، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیری عێراق لەبارەی پێویستی جڵەوکردنی میلیشیا چەکدارییە شیعییەکان لەلایەن تارانەوە، پەیامێکی هەڕەشە ئامێزی ئاراستەی ئەو وڵاتە کردووە.

کەناڵی "سکای نیوز عەرەبی" بەپشتبەستن بە لێدوانی دوو بەرپرسی عێراقی رایگەیاندووە کە مستەفا کازمی سەرۆکوەزیری عێراق پەیامێکی توندی ئاڕاستەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کردووە و تێیدا جەختی لەسەر جڵەوکردنی میلیشیا چەکدارییە شیعییەکان لەلایەن تارانەوە کردۆتەوە، بەشێوەیەک کازمی لەپەیامەکەیدا هەڕەشەی ئەوەی کردووە کە بەڕوونی ئاشکرای دەکات کە کێ پشتیوانی ئەو گرووپانە دەکات، هەروەک ئامادەیی خۆشی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هێزانە پیشانداوە.

سەرچاوەکان روونیان نەکردۆتەوە کە کێ پەیامەکەی گەیاندۆتە دەست ئێرانییەکان، بەڵام ئاماژەیان بۆ ئەوەکردووە کە کاتی ناردنی پەیامەکەیە مانای وایە کازمی لەڕووبەروبوونەوەی میلیشیا چەکدارییە شیعییەکان دەستەوەستانە و هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی گەڕی سێیەمی دانوستانی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمەریکا، هەوڵی رازیکردنی واشنتۆن دەدات.

هەروەک بەگوێرەی سەرچاوەیەکی سیاسیی باڵای عێراقیی، سەردانەکەی ئەم هەفتەیەی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران بۆ شاری بەغدا پەیوەندی بەو نامەیەی کازمییەوە هەبووە، بەشێوەیەک قائانی لەگەڵ فەرماندەی ئەو میلیشیایانە و سەرکردە سیاسییەکانی لایەنگری ئێراندا کۆبۆتەوە و تێیدا داوای لێکردوون لەم ماوەیەدا لەگرژکردنی دۆخەکە خۆیان بپارێزن.
ئامادەکردن : ئاکۆ ئاڵی 

بەپەلە