ئەمەریکا ئامادەیی پیشاندا سزاکانی سەر ئێران هەڵبگرێت

جیهان

09/04/2021‌ 1054 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەسەر زاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە رایگەیاندووە کە ئامادەیە سەرجەم ئەو سزایانە لەسەر تاران هەڵبگرێت کە لەگەڵ بەندەکانی ڕێککەوتننامەی ناوەکیدا نایەتەوە، هەروەک جەختیشی کردۆتەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان ئامادەیە هەنگاوی پێویست بەئاراستەی پابەندبوون بە ڕێککەوتنەکە بنێت.

لەوبارەیەوە نێد برایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دوای ئامادەیی پیشاندانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر تاران، لەهەمان کاتیشدا ئاشکرایکردووە کە دانوستانەکانی تایبەت بە بەرنامەی ناوەکی ئێران لەبەر چەند هۆکارێک زۆر سەختە، لەوانە نەبوونی متمانە لەنێوان تاران و واشنتۆن، هەروەک هیواشی خواستووە لەبارەی ڕێککەوتننامە ناوەکییەکەوە پابەندی دوولایەنەیان هەبێت.

هەروەک لای خۆیەوە، جین ساکی وتەبێژی کۆشکی سپی دانوستانەکانی تایبەت گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتننامەی ناوەکیی نێوان تاران و وڵاتانی زلهێزی بە بنیادنەرانە وەسف کردووە، بەڵام هیچ خشتەیەکی کاتیشی ئاشکرا نەکردووە بۆئەوەی لەوبارەیەوە بڕیاری یەکلاکەرەوە بدرێت.

لەبەرانبەردا، عەلی رەبیعی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرایکردووە کە لەڕێگای گرووپی "4+1" (چین و رووسیا و بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا) چەند پێشنیازێکی لەسەر هەڵگرتنی سزا سەپێنراوەکانی سەر ئێران بەدەست گەیشتووە.

ڕەبیعی جەختی کردۆتەوە کە پێویستە بەرلەوەی واشنتۆن هیچ پێشنیازێک بۆ دانوستان لەگەڵ تاران پێشکەش بکات، بۆ ڕێککەوتننامەی ناوەکی بگەڕێتەوە، ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە کە وڵاتەکەی ئامادەیە سەرجەم پابەندییەکانی بەگوێرەی ڕێککەوتننامەی ناوەکی جێبەجێ بکات، ئەگەر بێت و واشنتۆن هەموو سزاکان لەسەر تاران هەڵبگرێت، لەهەمان کاتیشدا رەتیکردەوە هیچ جۆرە دانوستانێک لەگەڵ شاندی ئەمەریکا لە ڤییەننا ئەنجام بدەن.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی