ئاژانسی دەرمانی ئەوروپی: پەیوەندی لەنێوان کوتان بە ڤاکسینی ئەسترازینکا و مەیینی خوێندا هەیە

جیهان

09/04/2021‌ 863 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئاژانسی دەرمانی ئەوروپی جەختیکردۆتەوە کە پەیوەندی هەیە لەنێوان خۆکوتان بە ڤاکسینی ئەسترازینکا و خەستبوونەوەی خوێنی کەسەکان، لەهەمان کاتیشدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە هێشتا سوودەکانی ڤاکسینەکە زۆر لە مەترسییەکانی گەورەترە.

لیژنەی سەلامەتیی ئاژانسە ئەوروپاییەکە گەیشتۆتە ئەو ئەنجامەی کە حاڵەتە نائاساییەکانی مەیینی خوێنی ئەو کەسانەی بە ڤاکسینی ئەسترازینکا کوتراون دەبێت وەک نیشانەی لاوەکیی دەگمەنی ڤاکسینە بەریتانی-سویدییەکە هەژمار بکرێن.

ئاژانسەکە دەڵێت یەکێک لە شیکردنەوە گونجاوەکان بۆ مەیینی خوێن و کەمبوونەوەی پلێتە خوێنەکانی ئەو کەسانەی بەو ڤاکیسنە دەکوترێن بریتییە لە درووستبوونی وەڵامدانەوەی بەرگری، کە ئەوەش هاوشیوەی حاڵەتی ئەوکەسانەیە کە هیپارین چارەسەرکراون.

ئەنجەکانی لێکۆڵینەوەی ئاژانسە ئەوروپاییەکە ئاستەنگێکی گەورەیە کەبەردەم هەوڵە جیهانییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا و گۆرانکارییە لە هەڵوێستی هەفتەی رابردووی ئەو ئاژانسە کە وتبووی ئەسترازینکا نابێتە هۆی خەستبوونەوەی خوێن، جگە لەوەی گورزێکیشە بەر کۆمپانیای ئەسترازینکا دەکەوێت، بەوپێیەی پێشەنگ بوو لە کێبڕکێی درووستکردنی ڤاکسینی دژە ڤایرۆسی کۆڕۆنا لەوکاتەوەی لەگەڵ زانکۆی ئۆکسفۆرد دەستیان بەکارکردن کرد لەو بوارەدا.

لیژنەی سەلامەتی سەر بە ئاژانسی دەرمانی ئەوروپی داوای کردووە لەپێناو دەستکەوتنی زانیاری زیاتر، لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی زیاتر بۆ ڤاکسینەکە بکرێت.
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی