شارپرێس:
لەچەند ڕۆژی ڕابردودا بەهۆی سووکایەتیکردن بەبەرپرسێکی باڵای ئەوروپی لەتوركیا، قەیرانێکی دیبلۆماسیی لەنێوان تورکیاو چەند وڵاتێکی ئەوروپی درووستبوو، بەشێوەیەک لەبەرامبەر ئەوکارەدا سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا هێرشێکی توندی کردەسەر ئەردۆغانو بەکەسێکی زۆردارى وەسفکرد.
ڤۆن دێر لیینی سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا لەکاتی سەردانیی بۆ توركیا بەهاوڕێیەتی شارل میشێلی سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا، تووشی هەڵوێستێکی نەخوازراو بوو، کە بەشێک لەچاودێران وەک جۆرێک لەسووکایەتیکردن پێی لەلایەن تورکەکانەوە هەژماریان کرد.
دەزگاکانی ڕاگەیاندن، گرتەیەکی ڤیدیۆییان بڵاوکردۆتەوە کە تێیدا ڤۆن دێر لیینی سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا دەردەکەوێت کە تووشی حەپەسان بووە بەوپێیەی لەکاتی کۆبوونەوەی ڕۆژی سێشەممەی ڕابردووی لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیاو شارل میشێلی سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا لەکۆشکی سەرۆکایەتیی تورکیا، هیچ کورسییەک بۆ ئەو تەرخان نەکراوە تاوهكو لهسهرى دابنیشێت.
لەڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت کە تەنها سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا لەپاڵ ئەردۆغان کورسی بۆدانراوە، لەکاتێکدا سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا کە تاکە ئافرەتی ناو دیدارەکەیە، تووشی حەپەسان بووە بەوەی هیچ کورسییەک بۆئەو تەرخان نەکراوە، بەپێی پڕۆتۆکۆڵیش نەدەبوو بەوشێوەیەبێت.
لەبەرامبەر ئەو ڕووداوەدا، سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا تووڕەییو بێزاری خۆی دەربڕیوهو لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتویهتى:"لەبەرامبەر ئەو سوکایەتییەکەی بەبەرپرسە ئەوروپیەکە کراوە هەست بەنیگەرانی دهكهم".
سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا دوای ئەوەی ڕەجەب تەییب ئەردۆغانی بەزۆردار وەسفکردوه، ئاماژهى بهوهشداوه، "با بەناوی خۆیانەوە بانگیان بکەین، ئەم زۆردارانە، دەبێت هەماهەنگیشیان لەگەڵدا بکەین؟".
دوای ئەو لێدوانەی سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا، تورکیا بانگهێشتی باڵیۆزی ئیتاڵیای لەئەنكەرە کردو مەولوود چاوش ئۆغڵوی وەزیری دەرەوەی تورکیاش ئیدانەی ئەو لێدوانەی بەرپرسە باڵا ئیتاڵییەکەی کردو جەختیکردەوە، "ئەوە هێرشێکی ستەمکارانەیە بۆسەر تورکیا".
ئامادەکردن: ئاکۆ ئاڵی